Hawkar Yaseen
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەنجامیدا، رایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەهەوڵی خۆرێکخستنەوە و کۆکردنەوەی داهاتەکانی و رێکخستنەوەی خەرجییەکانیدایە و لەو چوارچیوەیەشدا لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و کۆمەڵێک رێکاری باشی گرتووەتە بەر".
جووتیار عادل لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆ لەمەودوا مووچە چۆن دابەشدەکرێت رایگەیاند "بابەتی مووچە و باشکردنی بژێوی ژیانی خەڵک لەپێشینەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لە خەمی یەکەممانە و هەموو هەوڵەکانیش چڕکراوەتەوە بۆ زامنکردن و دابینکردنی مووچە، تاوەکو بتوانین لەو دۆخە ئابوورییەدا رۆڵێکی گەورەمان هەبێت لەباشترکردنی ژیانی خەڵکدا، ئەم بابەتەش لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بۆکراوە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان کە هەوڵبدەین لەچوارچێوەی یاسای بوودجەی ٢٠٢١ ئەوەی لەتوانای حکوومەتدابێت دەیکات بەبێ ئەوەی هیچ درێخییەک بکەین".
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش کە دەگوترێت شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕێککەوتن دەگەڕێنەوە هەولێر، جووتیار عادل رایگەیاند "شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام لە گفتوگۆدان ئێستاش گفتوگۆکانیان بەردەوامە و هیچ دەرئەنجامێک کە باسدەکرێت بە فەرمی ئەژمارناکرێت تاوەکو لەخودی شاندی حکوومەتەوە رانەگەیندرێت یان لە لایەن حکوومەت و گوتەبێژی حکوومەتەوە نەبێت هیچ هەواڵێک لەوبارەیەوە بە پەیامی حکوومەت دانانرێت".
دەربارەی رێکارەکانی حکوومەتیش بۆ رێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "کۆمەڵێک هەنگاوی باش و رێکاری باش گیراوەتە بەر بۆ رێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بۆ دڵنیایی هەموولایەک ئێستا حکوومەت مانگانە خەرجییەکانی خۆی بە ٦٠ ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە بۆئەوەی بتوانین داهاتێکی باش بۆ زامنکردنی پێدانی مووچە دابین بکەین، کۆمەڵێک بڕیار و رێکار لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی گیراونەتەبەر و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت بەڵام کاتی پێویستە، و ئەوەی گرنگە ئێمە لەسەر رێگا راستەکەین و خەڵک دڵنیادەکەینەوە کۆمەڵیک رێکاری دیکەش دەگیرێتەبەر بۆنموونە پێداچوونەوە بە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت و پێداچوونەوە بە گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانی خاڵە سنوورییەکان و بنەبڕکردنی قاچاخچیتی کە کڕۆکی چاکسازی حکوومەتە بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی".