Sarmand Hameed
08 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2018
وان - AA
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئیدانەی دووفاقیی رۆژئاوا و بێ دەنگیی کرد لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی رژێمی سووریا لە غوتەی رۆژهەڵاتی ئەنجامی دەدات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی لقی وان-ی ئاک پارتی، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە رۆژئاوا گرت و گوتی: "بەداخەوە لە غوتەی رۆژهەڵات منداڵ شەهید دەبێت، ئەی رۆژئاوا تۆ لە کوێیت؟، بۆچی گوێبیستی ئەو دەنگەت نابین کە بەرزت دەکردەوە لەوکاتەی کە تیرۆریستانمان دەکوشت لە عەفرین".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی لە رێگەی هەردوو ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" و"لقی زەیتون" لە باکووری سووریا، گشت ئەو پیلانانەی پوچەڵکردەوە کە دژ بە تورکیا داڕێژرابوون.
رجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنیدا بە بەردوامی هەنگاوەکانی تورکیای دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو لایەنانەی کە دژ بە وڵاتەکەی بەکاریان دەهێنن.
سەرکۆماری تورکیا، رجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد کە دانیشتوانی ئیدلب و منبج "داوایان لە سوپای تورکیا کردووە بچێتە خاکەکەیان چونکە دەزانن کە تورکیا و سوپاکەی لەپاڵ ستەملێکراوان و دژ بە ستەمکارانە"
جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوپای تورکیا و گرووپەکانی سەر بە سوپای سووریا ئازاد لە ماوەی نێوان ئابی ٢٠١٦ - ئاداری ٢٠١٧ لەمیانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕاتدا ناوچەیەکی فراوانیان لە گوندەواری پارێزگای باکووری حەلەب لە نێویاندا ئەلباب و جەرابلوس لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش پاککردەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ هەزاران هاووڵاتی سڤیل رەخساند بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاوکات سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونی لە ناوچەی عەفرین باکووری رۆژئاوای سووریا دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەنجامدا و رۆژی ١٨ی ئاداری رابردوو ناوەندی شاری عەفرینی کۆنترۆڵکرد.