Betül Yürük
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2020
نیویۆرک - AA
سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن تا ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ناتوانێت لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دابنیشێت و تا ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەبێت.
بایدن دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو تیمەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێکیهێناوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر ئەوەی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووانی پەتاکە فشاری سەر نەخۆشخانە و کارمەندە تەندروستییەکان لە زیادبووندایە.
بایدن جەختی لەوەش کردەوە هەرچەندە بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە دۆزینەوەی پێکوتی دژە کۆرۆنا هاتووەتە ئارا بەڵام کوتانی هەموو هاوڵاتییانی ئەمریکا چەند مانگێک دەخایەنێت و رایگەیاند: "ئەم قەیرانە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی بەپەلە هەیە بەڵام بەداخەوە ماوەیەکی زۆرە هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە نەگیراوەتەبەر. راستە من بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوم بەڵام تا ساڵی داهاتوو پۆستی سەرۆکایەتی ناگرمە دەست. پەتاکەش تەماشای بەروار ناکات و بەخێرایی لە بڵاوبوونەوەدایە. پێویستە دەسەڵات بەخێرایی بکەوێتە خۆ".
جۆ بایدن، داواشی لە هاووڵاتییانی ئەمریکا کرد لە رێی بەکارهێنانی دەمامک و پاراستنی دوورەپەریزی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان بپارێزن.
جێی ئاماژەیە لە میانەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنادا ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا تۆمار دەکرێن.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی ماڵپەڕی "Worldometers" تا ئێستا زیاتر لە ١١ ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمار کراون و زیاتر لە ٢٤٩ هەزار کەسیش بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.