Abdullah Abdulmanaf Shukur
19 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
ھەولێر - AA
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند کە ئاگری نەورۆز بەبێ ھیچ گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لەیەک شوێنی ھەولێر دەکرێتەوە و گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و دروستنەکردنی قەرەباڵغی رێگەپێدراو دەبێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بڵاوکراوەتەوە ''ھەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەھەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و ھەرکەس سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر''.
بڕیار و رێنماییەکانی پارێزگای ھەولێر:
یەکەم/ ئاگری سیومبولی نەورۆز بەبێ ھیچ گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لەیەک شوێنی ھەولێر کە لەلایەن پارێزگای ھەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، ھەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەھەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و ھەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دووەم/ سەرجەم ھاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری (٤) تۆن و ماتۆڕسکیل لە رۆژانی ٢٠ تاوەکو ٢٤ی ئازار بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سێیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، ھێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی ھاتوچۆ، نەھێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێکڕای ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی، بەپێی پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچکەکان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن و ڕێگری لە ھەر حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی بکەن، ئەمە وێڕای دانانی مەفرەزەی گەڕۆک لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا بە بەردەوامی و ھێزە ھاوبەشەکان و تیمەکانی تەندروستیش لەسەیرانگاکاندا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی گیانی ھاوڵاتییان لەئەرک دادەبن.
چوارەم/ لە بازگەکانی ھەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ ھاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ ھەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە ھەماھەنگییەکی تەواو کراوە تاوەکو ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە ھەر ھاووڵاتییەک دەبێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و ٧٢ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەھەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.
پێنجەم/ وێڕای دەستخۆشی لەبەرپرس و ئەفسەرانی بازگەکان و کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان، ڕامانسپاردوون بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەکان ھەڵبگیرێت و لە ھەموو ڕوێکەوە لەگەڵ ھاوڵاتییان سیمای جوان و سەردەمیانەی ھەولێری پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشان بدرێت، لەڕۆژانی نەورۆزدا لەکاتی گەشت و سەیران ئاسانکاری تەواو بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتییان بکرێت.
شەشەم/ پاک ڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان و پاراستنی ژینگە، ئەرکی ھەمووانە بەبێ جیاوازی، بۆیە داوا لە ھاوڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، لەکاتی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەیاندا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە درەخت و سەوزاییەکان بکەن و پاشماوە و پیسی و ئاگر لەدوای خۆیاندا لەشوێنەکان جێنەھێڵن.
حەوتەم/ داوا لەھاوڵاتییان دەکەین، لەم قۆناغە ھەستیارەدا کە بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووش بووان لە زیادبووندایە، بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بکەن و لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.