Ramal Mahmood
20 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە، ئاندرێی كارلۆڤ کە لەکاتی پێشکەشکردنی گوتەیەکی لە میانی کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەگری کە بە هەماهەنگی لەنێوان باڵیۆزخانەی رووسیا لە تورکیا و شارەوانی چانکایا کرابووەوە، هێرشی چەکداری کرایە سەر و گیانی لەدەست دا، دوا هەڤپەیڤینی بۆ میدیای تورکیا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەنجام دابوو.
ئاندرێی كارلۆڤ لە میانی هەڤیەڤینێکی لە ٣٠ی تشرینی دووەم لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشابوو کە پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا لە هەر بوارێکدا بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پێش دەچن، رایگەیاندبوو: "هەرچەند لە بارەی سووریاوە تێڕوانینیشمان جیاواز بێت لە سەر بنەما سەرەکییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەماهەنگی و رێککەوتن هەیە".
کارلۆڤ ئاماژەی بەوە دابوو کە بنەمای یەکەمی رێککەوتنەکان یەکپارچەیی خاکی سووریایە، بنەمای دووەمیش بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە سووریا کە تەنها بە گرتنەبەری رێگاچارەی سیاسیی بەدی دێت. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا بەدیهێنانی ئاشتی تەنها بە هەنگاونانی هاوبەش ئەگەری هەیە. گوتبووشی: "ئێمە لەو باوەڕەداین پرۆسەی ئاشتی تەنها بە ئەسەد و حکومڕانییەتی سووریا نابێت، بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو گرووپانەی بە ئۆپۆزسیۆنی تەندرووست ناومان بردوون، بێنە ناو ئەو پرۆسەیە. تەنها گرووپە تیرۆریستییەکان مافی ئەوەیان نییە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن. لەو باوەڕداین لەو رووەوە پێوسیتە هەم بەشداربووانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی تورکیا و رووسیا رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن".
کارلۆڤ لەبارەی هەوڵی کودەتا شکستخوارەکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆیشەوە، ئاماژەی بەوە دا کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە رووسیا دەستی کردووە بە بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵەکانی گولەن و ساڵانێکە قوتابخانە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پەیوەندیدار بە فەتۆوە لە وڵاتەکەیان قەدەغەکردووە و، گوتبووی: "لە شەوی ١٥ی تەمووز وەکو رووسیا پرسیاریک لەلامان دروست نەبوو تا بڵێین 'پشتگیری کێ بکەین، پشتیوانی کێ بین' چونکە وەڵامی ئێمە دیار بوو. سەرۆکی وڵاتەکەمان یەکەمین سەرۆک بوو لە سەر ئاستی جیهان پێش هەموو کەس لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز ئەردۆغانەوە کرد".