Ahmet Dursun
01 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە - AA
ئێران بە پاساوی "هاندانی توندوتیژی لە وڵات و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆدا"، سزای بەسەر ١٠ کەسایەتی و چوار دامەزراوەی ئەمریکادا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بڕیاری سزاکە بەپێی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئەمریکا و کردە تیرۆریستییەکان" دراوە کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەندکراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە سزاکان ئەو کەسایەتی و دامەزراوە ئەمریکییەکانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە "مامەڵەکردن دژبە مافەکانی مرۆڤ، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، هاندانی کردەی توندوتیژی و کردەی تیرۆریستی لە ئێران".
لەو چوارچێوەیەدا راگەیەندرا کە جگە لە کەسایەتییە پلە باڵاکانی وەک، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، مایکل کوریلا، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گریگۆری گیلۆت و جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، والی ئادێیمۆ، فەرماندەی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە هەولێر، ئیسکات دسۆرمیکس هەروەها هێزی نۆیەمی ئاسمانی، دەزگای هەواڵگری "CIA"ی ئەمریکا و پاسەوانی نیشتمانیی خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە پێدانی ڤیزا لەو کەسانە قەدەغە دەکرێت کە ناویان لە لیستی سزاکاندا هاتووە، دەستبەسەر موڵک و سامانی داراییاندا دەگیرێت و هەژمارە بانکییەکانیان بلۆک دەکرێت.