Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2019
تاران ــ AA
گوتەبێژی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، بەھرۆز کەمالوەندی رایگەیاند کە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠ لەسەدا تاوتوێکردووە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، بەھرۆز کەمالوەندی سەبارەت بەزیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گوتوویەتی: "تێپەڕاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠ لەسەدا خراوەتە چوارچێوەی بژاردەکانی قۆناغی دووەمی کەمکردنەوەی پابەندبوونمان بە رێککەوتنی ئەتۆمی".
گوتەبێژی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، بەھرۆز کەمالوەندی جەخیتکردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم-یان بەڕێژەی ٣،٦٧ لەسەدا تێپەڕاندوو.
بەھرۆز کەمالوەندی گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی پابەندبوونمان بە رێککەوتنی ئەتۆمی، تا ئەو کاتەی وڵاتانی ئەورووپا بەڵێنەکانیان لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا بەرامبەر بە ئێران جێبەجێ دەکەن".
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئێران کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بە ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەیتتد پرێس-ی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ٤،٥ لەسەدا.
پێشتر سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی وەک ھۆشدارییەک رایگەیاندبوو کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا پابەند نەبن بە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوا لە دوای حەوتی ئەم مانگەوە، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەو ئاستەی کە پێوستیانە، بەرزدەکەنەوە.
ئەوەیش لە کاتێکدایە تا دێت گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر دەبن کە بە ھۆی کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ھاتوونەتە ئاراوە.