Dmitri Chirciu
11 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2022
نورسوڵتان - AA
سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ رایگەیاند کە دوای دوو رۆژ سەربازانی هێزی ئاشتیپارێز سەربە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ قۆناغ بە قۆناغ دەست بە کشانەوە دەکەن لە کازاخستان.
قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ لە گوتارێکیدا لە پەرلەماندا باسی لە رەوشی وڵاتەکەی کرد.
سەرکۆماری کازاخستان باسی لەوە کرد کە جەنگێکی تیرۆر دژبە کازاخستان دەستی پێ کرا و ئۆپەراسیۆنی دژبە تیرۆریستان بەشێکی زۆری دۆخەکەی کۆنترۆڵ کردەوە و رەوشی وڵات سەقامگیر بووەتەوە.
قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دۆخی وڵاتەوە داوای هاوکاری سەربازییان لە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ کرد کە خۆیان ئەندامن تیایدا و گوتی: ''کازاخستان لە رووی یاساییەوە داوای لە هاوبەشەکانی کرد لە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ تا هێزی ئاشتییپارێز بنێرن. کاتێک ئەو بڕیارەماندا خەریک بوو کۆنترۆڵی ئاڵماتی لەدەست بدەین. ئەگەر ئاڵماتیمان لەدەست بدایە دوای ئەو پایتەخت و دواتر هەموو وڵاتمان لەدەست دەدا''.
سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ باسی لەوە کرد کە هێزی ئاشتییپارێزی رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ بە سەرکەوتووی ئەرکەکەی تەواو کرد و رایگەیاند ''هێزی ئاشتیپارێزیی سەربە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ دوای دوو رۆژ قۆناغ بە قۆناغ لە کازاخستان دەست بە کشانەوە دەکات، قۆناغی کشانەوەکە لانی زۆر ١٠ رۆژ دەخایەنێت''.
بە بڕیاری رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ، دوو هەزار و ٣٠٠ سەرباز و ٢٥٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی رەوانەی کازاخستان کران.