Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، جێمس جێفری کە لەم مانگەدا دەستبەرداری ئەرکەکەی دەبێت رایگەیاند کە ھەڕەشەکانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ھێشتا لە ئارادایە و ئەوە کارێکی زۆر جیددیە.
رۆژنامەی مۆنیتۆر-ی ئەمریکی لە زمان جێمس جێفری رایگەیاندووە: "ئەگەر ھەیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دابخات، ئەگەر حکوومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو ھێرشانە دانەنێت کە دەکرێنە سەر نێردە و ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".
جێمس جێفری ئەوەشی گوتووە: "ھێشتا پرسی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئارادایە و ئەوە کارێکی زۆر جیددیە".
لە ماوەکانی رابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھۆشداری دابوو لەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق دادەخەن، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەوڵی زیاتر نەدات بۆ وەستاندنی ئەو ھێرشە مووشەکیانەی کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.
لە مانگی تەمووزی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار ھێرشی مووشەکیی بۆسەر ئەو ئامانجانە لە عێراق ئەنجامدراون کە دیپلۆماتکاران و سەربازانی ئەمریکای تیادان.
واشنتۆن کەتائیبەکانی "حزبوڵڵا" عێراق و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکان بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمەتبار دەکات.
پێشتر گرووپە چەکدارە شیعەکان لەنێویاندا کەتائیبەکانی حزبوڵڵا عێراق ھەڕەشەیان بە ئامانجکردنی ھێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-یان کردبوو، ئەگەر لە عێراق نەکشێتەوە.
لە پێنجی کانوونی دووەمی رابردوودا، ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینە، دەنگی دا لەسەر کۆتاییھێنان بە بوونی سەربازی بیانی لە عێراق، ئەویش دوای ئەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە بۆردومانێکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.