Dmitri Chirciu
30 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2023
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند کە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر دامەزراوە سەربازییەکەی ئێران لە شاری ئەسفەهان کردووە.
زاخارۆڤا راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو هێرشەی کە کرایە سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لە شاری ئەسفەهان، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، زاخارۆڤا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە هێرشەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەم ئەنجام دراوە و رایگەیاند: ''بەتوندی سەرکۆنەی هەر جۆرە کردەیەکی وروژێنەر و هاندان دەکەین کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان بەشێوەیەکی ناکۆنترۆڵ لە ناوچەیەکدا کە خۆی ئارام نییە. رەنگە ئەم جۆرە کردە رووخێنەرانە دەرەنجامی پێشبینی نەکراوی لێبکەوێتەوە بۆ ئاشتیی و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێویستە هەمووان لەمە تێبگەن، هەم رێکخەرانی بزووتنەوەی بوێرانە و لایەنگرانیشیان، هەمیش ئەوانەی بێ هودە ئاوات بە لاوازکردنی ئێران دەخوازن''.
- رووداوەکە
دوێنێ یەکشەممە، تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە شاری ئەسفەهان روویداوە.
وەزارەتی بەرگریی ئێران، ئاماژە بەوە کردبوو کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بچووک هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکە.
لە کاتێکدا پارێزگای ئەسفەهان تەقینەوەکەی پشتڕاست کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە تەقینەوەکەدا زیانی گیانیی نییە.
ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە بازنەی ئەسفەهان، حوسێن میزرایی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی لە ئاسمانی شاری ئەسفەهان بینراون سەربە ئیسرائیل بوون.
دوێنێ رۆژنامەی "The Wall Street Journal"ی ئەمریکی بڵاوی کردبووەوە کە ئیسرائیل هێرشەکەی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامداوە.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت-ی ئیسرائیلی لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوکردبووەوە کە نەیویستووە ناوەی بڵاوبکرێتەوە و رایگەیاندووە: ''ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە''.