Hosni Nedim
09 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2024
غەززە ــ AA
سوپای ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، چەند ناوچەیەکی باشوور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردومان کرد و لە ئاکامدا، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە شاری غەززە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕاگەیاند کە خانوویەک لە ناوەڕاستی شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار فەڵەستینی کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
ھەر لەوبارەیەوە چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی "شەھیدانی ئەقسا" لە شارۆچکەی دێر بەلەح ناوەڕاستی کەرتی غەززە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانی ئیسرائیل بۆسەر خانوویەک لە کەمپی بوریج ناوەڕاستی کەرتی غەززە، ژمارەیەک فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون.
ھاوکات چەند سەرچاوەیەک خۆجێی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە خانوویەک لە ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی دێر بەلەح، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ژمارەیەک فەڵەستینی بوونەتە قوربانی.
ھەروەھا شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە تۆپخانەکانی ئیسرائیل، چەند ناوچەیەکیان لە شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە ڕایگەیاندبوو کە ھێزەکانی ئیسرائیل، کۆمەڵکوژییەکی دیکەیان لە کەمپی نوسەیرات ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئەنجامداوە و لە ئاکامدا، ٢١٠ فەڵەستینی کوژراون و ٤٠٠ی دیکەش برینداربوون.