Dildar Baykan Atalay
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی لە موسڵمانانی ئەمریکا و ھەموو جیھان کرد.
بایدن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند ''من و ھاوسەرەکەم جیل، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ھیوای باشترین بۆ کۆمەڵگای موسڵمانان دەخوازین لە ئەمریکا و ھەموو جیھان''.
بایدن باسی لەوە کرد کە مانگی رەمەزان کاتی بیرکردنەوە و باشکردنی مەعنەوییە بۆ ھەموو موسڵمانان و، رایگەیاند ''ئەمساڵ بەربانگ بە تەندروستییەوە دەکرێتەوە و دەبێتە یادکردنەوەیەکی بەھێزتری جوانییەکانی خێزان و کۆمەڵگا. دڵمان لەگەڵ ئەوانەدایە کە کەسە نزیکەکانیان لەدەستداوە''.
بایدن لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە پاش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەردەوامە لە ساڕێژکردنی برینەکان و، ئەو ئایاتەی وەبیرھێنایەوە ''ھەر کەسێ زەڕەیەک کاری چاکە بکات، پاداشتەکەی وەردەگرێتەوە''.
سەرۆکی ئەمریکا بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانە ئەو کەسانە دەبینن کە تێدەکۆشن بۆ مانەوە لە ژیاندا و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مانگی رەمەزان دەرفەتێکە بۆ ھەمووان بۆ نیشاندانی بەزەیی، میھرەبانی و لێکتێگەیشتن بەرامبەر یەکتری.
گوتیشی: ''ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریی کردن لە مافی مرۆڤی موسڵمانانی ھەموو جیھان بە ئویگورەکانی چین و ئاراکانییەکانی میانماریشەوە. رەمەزانتان پیرۆز بێت''.