Haydar Şahin
21 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2023
تاران – AA
دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، هەزاران کەس لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە سوید رژانە سەر شەقام.
دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئیمام خومەینی لە تاران'ی پایتەخت ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان قورئانی پیرۆزیان بە دەستەوە گرت و بە بەرزکردنەوەی پانکارت رێیان پێوا و دروشمەکانی "لەناو بچی ئەمریکا"، "لەناو بچی ئیسرائیل"، "لەناو بچی سوید" و "بێدەنگی موسڵمانان، ناپاکییە بەرامبەر قورئان"یان دەگوتەوە.
لە کۆتایی رێپێوانەکەدا راگەیەندراوێک خوێندرایەوە و داوا لە موسڵمانان کرا بە یەک دەنگ دژی بێڕێزییەکانی سوید بوەستنەوە، بە پێویست زاندرا تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ سوید بپچڕێندرێن و وڵاتانی موسڵمان بایکۆتی کاڵا و شتومەکی سوید بکەن.
هەروەها لە مەشهەد، قوم، شیراز، سیمنان، گوڵستان و خۆراسانی باشوور دوای ئەنجامدانی نوێی هەینی بۆ ئەم مەبەستە خۆپیشاندان ئەنجام درا.
دوێنێ هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی، سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە سوید ئاگری لە قورئانی پیرۆز بەردابوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی پێ کردن.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی سوید لە تاران، ماتیاس لێنتز بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا.