Gülşen Topçu
09 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
بەیروت - AA
لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەیروت پایتەختی لوبنان، کارمەندێکی ئەمنی گیانی لەدەستدا و ١٧٢ خۆپیشاندەریش برینداربوون.
بەپێی ئەو راگەیاندراوەی لە ھەژماری تایبەتی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان بڵاوکراوەتەوە، کارمەندێکی ئەمنی کە ویستوویەتی ئەو کەسانە رزگاربکات کە لە ئەنجامی ھەڵکوتانی خۆپیشاندەران لە نێو ھۆتێلێکدا گیریان خواردبوو، کەوتووەتە بەر ھێرشی خۆپیشاندەران و بەم ھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە ھەژماری تایبەتی تویتەری خاچی سووری لوبنانی بڵاوکراوەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی شەھیدانی شاری بەیروت، ١٧٢ خۆپیشاندەر برینداربوون و ٥٥ کەس لەو بریندارانە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و ١١٧ برینداریش فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆکراوە.
ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتایە سەر وەزارەتی ئابووری و ژینگە و باڵەخانەی کۆمەڵەی پەرلەمانتاران.