Hamdi Yıldız
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2018
کەناری رۆژئاوا - AA
لە ئاکامی هێرشی سوپای ئیسرائیل بە گوللـەى راستەقینە و گوللـەى پلاستیکی و گازی فرمێسکرێژ بۆ سەر خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا، ٢٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.
مانگى سووری فەڵەستینی رایگەیاند، لە ئاکامی هێرشێکى سوپای ئیسرائیل لە گوندەکانی کەفر قەدوم و کەفر خەلیل لە باکوور و رۆژهەڵاتی کەناری رۆژئاوا و شاری ئەریحا بۆ سەر ئەو هاووڵاتییانەى کە بۆ پاڵپشتیکردنی "خۆپیشاندانی گەڕانەوەى گەورە" گردبوونەوەیان ئەنجامدا، چوار کەس بە گوللـەى راستەقینە و ١٤ کەس بە گوللـەى پلاستیکی و دوو کەسی دیکەش بە هۆکارى جیاجیا برینداربوون و ٦٢ کەسیش کەوتنە ژێر کاریگەری گازی فرمێسکرێژ.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە رایگەیاند، سێ لەو بریندارانەی لە ئاکامی هێرشەکانی دوێنێی سەربازانی ئیسرائیل بریندار ببوون، گیانیان لەدەستداوە.
لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی فەڵەستینییەکان لە ٣٠ى ئادارەوە تا ئێستا ٤٥ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە.
لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ هەینی، ٨٨٣ هاوڵاتی فەڵەستینی برینداربوون.
لەنێو بریندارەکاندا ٥٨ منداڵ و ٢٩ ئافرەت و ٦ رۆژنامەنووس و ٤ کارمەندی تەندروستی بەدیدەکرێن.
فەڵەستینییەکان لە ٤٢مین ساڵرۆژی زەویدا لە ٣٠ ئادارەوە لەژێر ناونیشانی "خۆپیشاندانی گەڕانەوەى گەورە" لە کەرتی خۆپیشاندانی ئاشتییانەیان ئەنجام دەدن.