Utku Şimşek
20 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2025
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجامدراون، ٢١ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە بینای وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی سازکرد.
زەکی ئاکتورک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتیی و یەکپارچەیی وڵات بەتایبەتی تیرۆر بێوچان درێژەیان هەیە و، ڕایگەیاند: "لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە چوارچێوەی ستراتیجی بەرگریی و ئەمنیی سوپای تورکیاماندا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراون بە باکووری عێراق و سووریاشەوە، ٢١ تیرۆریست لەچالاکی خراون، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمەوە هەتا ئەمڕۆ لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٥٢٣ تیرۆریست".
ئاکتورک باسی لەوەیش کرد کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سێ تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە. گوتیشی: "تیرۆریستان یەک ڕێگای دەرچوونیان هەیە، کە ئەویش خۆڕەدەستکردنە بە دادی تورکیا".
ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێوەیەکی چڕ و ورد ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکان و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٧٠ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش سیانیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون. ژمارەی ئەو کەسانەی لە کانوونی دووەمەوە هەتا ئێستا دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن گەیشتووەتە هەزار و ٨٦ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە ١٥ هەزار و ٢٥ کەسن".
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئاکتورک ڕایگەیاند: "ئیسرائیل بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشە چڕوپڕەکانی بۆ سەر غەززە، جارێکی دیکە یاسای نێودەوڵەتیی و بەها مرۆییەکانی ژێر پێ خستەوە".