Bekir Aydoğan,Sami Sohta
18 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە حکوومەتەکەی جۆ بایدن پلانی ھەیە لە بەرامبەر دەیان ملیۆن دۆلار، ھەزاران بۆمب و بڕێکی زۆری تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل بنێرێت.
ئەو پلانەی حکوومەتی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ھێرشی بکاتە سەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە کە سەدان ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی تیایدا نیشتەجێن.
ڕۆژنامەکە لە ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکات، بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی کە حکوومەتی ئەمریکا پلانی ھەیە ڕەوانەی ئیسرائیلیان بکات، بریتین لە بۆمبی "82-MK"و تەقەمەنی ھێرشبەری "KMU-572" و فیوزی بۆمبی "139-FMU".
بە گوتەی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا، واشنتۆن لە بەرامبەر دەیان ملیۆن دۆلار، ئەو بۆمب و تەقەمەنییانە دەدات بە ئیسرائیل، ھەروەھا دووپاتیان کردووەتەوە کە ھێشتا حکوومەتەکەی جۆ بایدن ھەڵسەنگاندن بۆ ناردنی ئەو بۆمب و تەقەمەنییانە بۆ ئیسرائیل دەکات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھۆی ھەڕەشەکانی ھەرێمییەوە، حکوومەتی ئیسرائیل دەیەوێت لە زووترین کاتدا، ئەو بۆمب و تەقەمەنییانە لە ئەمریکا وەربگرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، ئەمریکا ٢١ ھەزار بۆمب و بڕێکی زۆری تەقەمەنی دیکە پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە.