Şebnem Coşkun,Hozan Mohammed Jabbar
12 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2023
جەمسەری باشوور – AA
تیمێکی زانستی کە لە ١٩ کەس پێک هاتبوون بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی لێکۆڵینەوە جەمسەرییەکان'ی بنکەی لێکۆڵینەوەی مارمارا سەربە فەرمانگەی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجیای تورکیا "TÜBİTAK"، حەوتەمین گەشتیی زانستیی تورکیایان بۆ جەمسەری باشوور ئەنجام دا.
تیمەکە کە لە توێژەرانی فەرمانگەی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆجیای تورکیا، فەرماندەیی هێزە دەریایییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاووهەوا، ئاژانسی ئانادۆڵو، دامەزراوەکانی توێژینەوە و توێژەرانی زانکۆکانی تورکیا پێک هاتبوون لە میانی گەشتەکەیاندا کە ٣٤ رۆژی خایاند، تەواوی چالاکییە زانستییەکانیان بە ئەنجام گەیاند و گەڕانەوە بۆ تورکیا.
ئەندامانی تیمەکە بە کەشتی "Betanzos" کە ئاڵای چیلی بەرزکردووەتەوە، گەیشتنە هێڵی پانی ٦٨ باشوور و لەوێشەوە چوونە دوورگەی هۆرسشیو و چالاکییە زانستییەکانیان تەواو کرد و ١٨ پڕۆژەی زانستی بوار لێکجیاوازیان ئەنجام دا.
سەرۆکی حەوتەمین گەشتیی زانستیی تورکیا بۆ جەمسەری باشوور، کەشتیوان ئۆزگون ئۆکتان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە گەشتی ٢٠٢٢-٢٠٢٣یان لە مانگی کانوونی دووەم بۆ ئادار لە ئیستانبوڵەوە دەست پێ کردووە، دوای بەڕازیل و چیلی گەیشتوونەتە جەمسەری باشوور و دەستیان کردووە بە گەشتە زانستییەکە بە کەشتی.
ئۆزگون ئۆکتان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە توانیوویانە لە میانی گەشتە زانستییەکەدا رووپێو، سامپڵ وەرگرن و چالاکی بۆ ١٨ پرۆژەی زانستیی لێکجیاواز ئەنجام بدەن، گوتی: "بابەتی سەرەکی توێژینەوەکانمان گۆڕانی ئاووهەوا و کاریگەرییەکانی مرۆڤ لەسەر ناوچەکانی جەمسەر بوو. لەو میانەیەدا سامپڵمان لە ئاوی دەریا، بوونەوەرەکان و بوونەوەرە گەورەکان وەرگرت. بوونی تورکیا لە جەمسەری باشوور ئێجگار گرنگە، هەوڵ دەدەین چالاکییە سەرکەوتووەکانی تورکیا لە جەمسەری باشوور لە رێگای بڵاوکردنەوەی گوتاری زانستیی و کۆنفرانسی زانستیی بە جیهان بگەیەنین".
ناوبراو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە میانی گەشتە زانستییەکەدا، هەواڵی رووداوی بوومەلەرزەکەیان پێ گەیشتووە، ئاماژەی بەوە دا کە زۆر نیگەران بوون لەو بوومەلەرزەیەی تورکیای گرتووەتەوە.
- "زانست بە بەڵگە راستییەکان ئاشکرا دەکات"
رێکخەری حەوتەمین گەشتی زانستیی جەمسەری باشوور، پڕۆفیسۆر دکتۆر بورجو ئۆزسۆی کە هاتە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بۆ پیشوازیکردن لە تیمی گەشتەکە، ئاماژەی بەوە دا کە رووبەڕووی بوومەلەرزەی "کارەساتی سەدە" بوونەتەوە و گوتی: "زۆر گرنگ بوو بۆ زانایانی تورکیا وردترین چارەسەر بۆ گۆڕانی ئاووهەوا جەمسەری باشوور بدۆزنەوە و پێوانە بکەن کە چۆن جەمسەری باشوور کاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوای لەسەرە. زانست بە بەڵگە راستییەکان ئاشکرا دەکات. ئێستا رووبەڕووی کارەساتی سەدە بووینەتەوە".
- پاڵپشتیی تەندروستی بۆ تیمەکە
لە چوارچێوەی حەوتەمین گەشتی زانستیی جەمسەری باشووردا، پزیشکەکان لە مەیدان و لەناو کەشتیشدا پاڵپشتیی تەندروستییان پێشکەش کرد.
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیجە، پڕۆفیسۆر دکتۆر خەیرییە ئەلبی سەبارەت بەو پڕۆژەیەی کە لەگەڵ هاوکارەکەی د. جەنان هەپدورگون ئەنجامیان داوە، گوتی: "ئێمە پرسیارمان لە کەسایەتی ئەو کەسانە کرد کە لە هەلومەرجی سەختدا کار دەکەن کە چۆن خۆیان بۆ ئەرکێکی لەو شێوەیە ئامادە دەکەن. دوای ئەو تاقیکردنەوانە دەستمان بە راوێژکاری کرد. بەرلە گەشتەکە و لە میانی گەشتەکەشدا کۆبوونەوەمان هەبوو. دوای گەڕانەوشەمان، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەینەوە و ماددەی نوێی راهێنان و تاقیکردنەوە ئامادە دەکەین".
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستانبوڵ، دکتۆر چاغری جان ماکار کە بۆ هاوکاریکردنی زانایان لە میانی گەشت و توێژینەوە مەیدانییەکاندا لەگەڵ تیمەکە ئامادەبوو جەختی لەوە کردەوە کە لە حەوتەمین گەشتی زانستیی جەمسەری باشووردا بە توانای پزیشکیی سنووردار کاریان کردووە.
چاغری جان ماکار گوتی: "هیچ کەسێک کە دێتە ئێرە یەک کار لێرە ناکات، من چانسی ئەوەم هەبوو بەخێرایی دەستوەردان لە کێشەکانیان بکەم، تا ئێستا هیچ رووداوێک رووی نەداوە. بەهۆی ئەو گەشتە دوورەوە دوو کەس نیشانەی ماندوویی رێگایان هەبوو و پێنج کەس نەخۆشی جووڵەیان هەبوو بەهۆی شەپۆلی زەریاکانەوە و تێکچوونی بچووکی شانە و جومگەکانیان هەبوو و چارەسەر کران".
- تیمی زانستیی تورکیا سەردانی بنکەی پێدرۆ ڤیسەنتی ماڵدۆنادۆ-یان کرد
نزیکەی ١٠٠ بنکەی توێژینەوەی زانستی سەربە ٣٠ وڵات لە ساردترین و وشکترین کیشوەری جیهاندا هەن.
زانایانی تورکیا سەردانی بنکەی پێدرۆ ڤیسەنتی ماڵدۆنادۆ-یان کرد کە دەکەوێتە دوورگەی گرینویچ رۆژئاوای نیمچە دوورگەی جەمسەری باشوور، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییە دووقۆڵییەی کە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی جەمسەری "TÜBİTAK MAM" پاڵشتیی لێدەکرێت.
تیمەکە سەردانی شوێنی ژیانی هاوبەش و تاقیگەکانی ناو وێستگەکەیان کرد و زانیارییان لە زانایان وەرگرت کە لەو بوارەدا کار دەکەن.
12.03.2023 گەشتی زانستیی تورکیا بۆ جەمسەری باشوور
تیمێکی زانستی کە لە ١٩ کەس پێک هاتبوون بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی لێکۆڵینەوە جەمسەرییەکان'ی بنکەی لێکۆڵینەوەی مارمارا ، حەوتەمین گەشتیی زانستیی تورکیایان بۆ جەمسەری باشوور ئەنجام دا.