لۆزان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەبارەی واژۆکردنی چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتنی یەکجارەکی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گوتی: "بەپێی ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ حکوومەتی ئێران دەبێت سەدا ٩٨ی ئەو یورانیۆمەی پیتاندوویەتی کەمی بکاتەوە".
دوای بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێکی ھاوبەش لەسەر رێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "لەگەڵ ئەو رێککەوتنە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت و تا ئەوکاتەی ئێران پابەندی بەڵێنەکان بێت و مەرجەکان جێبەجێ بکات ئەوە کۆمەڵگەی جیھانیش بڕوا بە ئاشتەواییبوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات".
کیری گوتی: "بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنی یەکجارەکی پێویستە ئێران ئەو مەرجانەی ئاماژەیان پێ کراوە جێبەجێ بکات و رێککەوتنی کۆتاییش بەقسە نابێت بەڵکو بە بەڵگە دەبێت و پشت بە بەڵگە دەبەستێت".
ناوبراو ھەروەھا گوتی: "بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران ناچارە لە ماوەی ١٥ ساڵدا سەدا ٩٨ی ئەو یورانیۆمەی کە پیتاندوویەتی کەم بکاتەوە و ھەروەھا لە ماوەی ١٠ ساڵدا پێویستە ئێران دوو لەسەر سێی سانتەرفیۆژەکانی کەم بکاتەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبێت ئەوە گەمارۆکانی سەر ئێران دووبارە دەست پێ دەکەنەوە.