Ramal Abdullah Mahmood
03 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
دوا ئەوەی ئێران رایگەیاند کە هەفتەی رابردوو مانگێکی دەستکردی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵایان لەسەر ئەو وڵاتە تۆمار کرد.
ئەو چوار دەوڵەتەی خۆرئاوا کە لەنێو ئەو شەش وڵاتەدان کە رێککەوتننامەی ناوەکیان لەگەڵ ئێران واژووکردووە لە نامەکەیاندا، رەوانەکردنی مووشەکی سیمرخی ئێرانیان بۆ بۆشایی ئاسمان بە هەنگاوێکی "ئیستیفزازی و هەڕەشەئامێز" لە قەڵەمداوە.
نامەکە بێ ئەوەی باس لە جۆری مووشەکەکە بکات، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر ئەو مووشەکە لە جۆری بالیستیک بێت ئەوە لە جۆری چەکی ناوەکی پۆلین دەکرێت.
لە نامەکەدا داکۆکی لەوە کراوە ئەم کارە پێچەوانەی ئەو رێککەوتننامەیە کە لە نێوان ئێران و پێنج وڵاتە هەمیشەییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەری رێککەوتن و ئەنجوومەنی ئاسایش رەزامەندی لەسەر دەربڕی. بە بیریشی هێناوەتەوە بە پێی رێککەوتننامەکە هەر جۆرە چالاکییەکی بەرەوپێشبردنی مووشەکی بالیستیک کە لە جۆری چەکی ناوەکی پۆلین دەکرێن لە ئێران قەدەغە کراوە.
نامەکە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە پەیامێکی روون ئاراستەی ئێران بکەن لە بارەی پێشێلکردنی رێککەوتننامەکە بەم جۆرە چالاکییانە.
نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماتیۆ ریکرۆفت لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی ئەو رێککەوتننامەیەی لەبارەی چەکی ناوەکی لەگەڵ ئێران کراوە و، گوتی: "داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە واژوویان لەسەر رێککەوتننامەکە کردووە راستگۆبن لەگەڵ قسەکانیان و رەچاوی مەرجەکانی رێککەوتننامەکە بکەن".