Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکووک لە مافی بڕیاردان بێ بەش بکرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ھەوڵەکانی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای کەرکووک، پێشوازی کردووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەپێکھاتەی عەرەب.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەگرنگی تەواوکردنی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و کۆدەنگی نێوان نوێنەرانی پێکھاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە و گوتوویەتی: "نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکووک لە مافی بڕیاردان بێ بەش بکرێت".
باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە دیدارەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لە سەرکەوتنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە ئەنجام نەدرابوو و ڕایگەیاندووە کە ھەڵبژاردنەکە، ھەنگاوێکی گرنگ بوو، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری لەپارێزگاکە.
ھەروەھا بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتە خۆجێییەکان پاڵپشتی حکوومەتن لەھەوڵەکان بۆ تەواوکردنی ئەرکە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی لە بوارە جیاجیاکانی گەشەپێداندا.
دوای حەوت مانگە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ھێشتا لایەنە سیاسییەکان لە کەرکووک لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ھەڵبژاردنی پارێزگار ناکۆکن و نەگەیشتوون بەڕێککەوتن.