Dilşad Seyfeddin Ahmed
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق عادل نوری وەزارەتی بەرگری عێراق تۆمەتبار دەكات بە هۆكاری ئەو كارەساتانەی لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003 بەسەر وڵاتەكەدا هاتووە و چەند دۆسیەكی گەندەڵی ئەو وەزارەتەش هەڵدەداتەوە.
عادل نوری گوتی: "لەو كارەساتە گەورانەی كە لە ساڵی 2004ەوە بەسەر عێراقدا هاتن بە هاتنە ناوەوەی رێكخراوی قاعیدە لە سنوورەكانی سووریاوە بۆ ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و دواتر بڵاوبونەوەی گرووپەكانی چەكداری تر تا دەگاتە رێكخراوی داعش كە لەماوەیەكی كورتدا شارەكانی مووسڵ، تكریت و رومادی و چەندین ناوچەی تری كۆنترۆڵ كرد و دەستی بەسەر بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی سوپای عێراق داگرت، هۆكاری سەرەكی بۆ بوونی گەندەڵییەكی زۆر گەورە لە نێو وەزارەتی بەرگری عێراق دەگەڕێتەوە".
نوری گوتی: "ئەو وەزارەتە چەندین دۆسیەی گەندەڵی هەیە بە تایبەتی لە بواری پڕ چەككردنی سوپای عێراقدا و گەندەڵی گەورەیان لە گرێبەستەكاندا كردووە، بە نموونە وەزارەتی بەرگری گرێبەستێكیان لەگەڵ وڵاتێكی بیانی واژۆ كردووە بۆ هێنانی 400 ئۆتۆمبێلی سەربازی ناسراو بە مودەرەعە بەپێی چەند مەرجێك، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانە گەیشتونەتە عێراق و جۆرێكی زۆر خراپن كە درزیان تێدایە و هیچ گرەنتیییەكیان نییە بۆ پاراستنی گیانی سەربازانی عێراقی، وەزارەتی بەرگریش ئەو ئۆتۆمبێلانەی نەگێڕاوەتەوە بۆ كۆمپانیاكە و لە سەربازگەكاندا دایناون.هەروەها گرێبەستێكی تریان واژۆ كردووە بۆ هێنانی 50 هەزار چەكی جۆری كڵاشینكۆف كە هەر چەكەی بە 189 دۆلار بووە، بەڵام ئەوان بە 360 دۆلار كڕیویانە و جۆری چەكەكانیشیان گۆڕیوە بە چەكێكی زۆر خراپ كە لەماوەیەكی كەمدا گەرم دەبێت و پارچەكانیشی هیچی هی خۆی نییە و جۆری خراپن".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بە سەرسوڕمانەوە باسی لەوە كرد، بەرپرسانی سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵ میلیشیاكان هەیە بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و چەكەكان و گوتی: "سوپا بەشێوەیەكی پیشەییانە مامەڵە ناكات، لە كوێی دونیا هەیە سوپا لەگەڵ میلیشیاكان مامەڵە بكات و بە گوتەی سەركردەیەكی میلیشیاكان ئۆتۆمبێلێكی سەربازی جۆری هامەری لە سوپا بە حەوت هەزار دۆلار كڕیوە، كەئەوەیش پارەیەكی زۆر كەمە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە".
گوتەبێژەكەی لیژنەی دەستپاكی باس لە گرێبەستێكی تری وەزارەتی بەرگری عێراق دەكات بۆ هێنانی 12 فڕۆكەی سەربازی و دەڵێت: "وەزارەتی بەرگری گرێبەستێكی تری بۆ هێنانی 12 فڕۆكەی سەربازی واژۆ كردووە كە ئەو فڕۆكانە بە تازەیی لەلایەن وڵاتانی ترەوە بە 760 هەزار دۆلار كڕدراوە بەڵام ئەمان هەر فڕۆكەی بە نزیكەی 14 ملیۆن دۆلار كڕیویانە و فڕۆكەكانیش لە كۆمپانیاكان بە تازەیی نەكڕدراون و بە لەنگەیی و بە كۆنی لە جبەخانەكاندا كڕدراون".
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە نێو وەزارەتی بەرگری عێراق ژمارەیەكی زۆر سەربازی وەهمی (بندیوار) دامەزراون و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتەكەوە مانگانە مووچەكانیان وەردەگیرێت، بەجۆرێك دوای چڕكردنەوەی گوشارەكان و دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەت نزیكەی 57 هەزار سەربازیان دۆزیوەتەوە كە ناویان هەبووە و خۆیان بوونیان نەبووە.
عادل نوری لەو بارەیەوە زیاتر دوا و گوتی: "گەندەڵییەكی زۆر گەورە لەو وەزارەتەدا هەیە و گرێبەستەكانیش لەلایەن وەزیری بەرگری خۆیەوە واژۆ كراون، بۆ ئەو مەبەستەش وەك لیژنەی دەستپاكی دۆسیەكانمان بەرزكردۆتەوە و بە توندی لێپێچینەوە لە وەزیر و بەرپرسانی تری ئەو وەزارەتە دەكەین".
لەبارەی هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ، گوتەبێژەكەی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق گوتی: "عەبادی وەك پێویست چاكسازی پێناكرێت و بۆ خۆی دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە لەو كاتەی وەزیری گەیاندنی عێراقی بووە، هەروەها كۆمەڵێك كەسی لە چواردەوری خۆی كۆكردۆتەوە كە هەمان ئەو كەسانەش پێشتر لەسەردەمی دەسەڵاتی مالیكی قەیرانەكانیان درووستكردووە، ئەوەشی تائێستا ئەنجامدراون هەنگاوی بچووكن و چاوەڕوانی هەنگاوی گەورەی لێناكرێت".