Rewa Mahmood Hasan
31 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسەکانی کەرکووک و پێکهاتەی حکوومەت نیگەرانە.
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە نیگەرانییەکانی یەکێتی کرد لەهەمبەر جێبەجێ نەکردنی خاڵەکانی رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
سەرەتا لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند، رێککەوتننامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا هیچی لێ جێبەجێ نەبووە، بەتایبەت رێککەوتنی سێهەمیان لەسەر پرسی کەرکووک و گوتی: "رەنگە ئێستا فرسەتی جێببەجێ کردنی لەگەڵ چارەسەرکردنی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کەمتر بووبێتەوە"، هاوکات هۆشداریدا کە خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی باڵای میللەتەکە و خەڵکی کەرکووک و عێراق زیانمەندی دۆخەکە دەبن.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان نیگەرانییەکانیان گەیاندۆتە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی: ''نیگەرانین لەوەی لەسەروبەندێکدا کە بەندەکانی رێککەوتنەکەی ئێمە جێبەجێ ناکرێت، لەلایەکی ترەوە خەڵکان بەناوی یاریدەدەرەوە کە حکوومەتێکی بچکۆلەیەک دروست ئەکرێت، لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە حکوومەتێکی بەهێزی یەکگرتووی سەرتاسەریداین، ئەوە ئاوات و ئامانجی میللەتەکەمانە، ئاوات و ئامانجی یەکێتیە کە هێڵەکانی دوو ئیدارەیی و دوو حکوومەتی تا بێت کاڵتر بکەینەوە، بەڵام بەم هەنگاوانە بەدڵنیاییەوە بەو ئاراستەیە ناڕوات.''
لەتیف شێخ عومەر یەکێکی تری لە نیگەرانییەکانی حیزبەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان داوایان کردووە وەزیری هەرێم بۆ رێکخستنی پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ناوەندێک کراوەتەوە لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیر، کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
- ''یەکێکی تر لە نیگەرانییەکانمان پرسی نەوت و گازە''
ئەو گوتەبێژەی یەکێتی نەیشاردەوە کە یەکێتی تر لە نیگەرانییەکانیان بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێم پرسی نەوت و گازە و گوتی: ''زۆر نیگەرانین لەوەی ئەنجوومەنی گاز و نەوت کە ئەنجوومەنێکە داهاتەکانی نەوت و گاز لەگەڵ سیاسەتەکانی رێکدەخات، تا ئێستاش دوومانگ دوای پێکهێنانی حکوومەت یەک دانیشتنیان نەکردووە".
لەتیف شێخ عومەر دووپاتیکردەوە کە زۆر نموونەی تر هەیە یەکێتی نیگەران کردووە لەبارەی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتی، لەوانە دەستگیرکردنی کادیرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و زیندانیکردنیان بەبێ دادگاییکردنیان بۆ ماوەی چەند مانگێک و لەو بارەیەوە گوتی: ''ئیمە داوای ئەوە ناکەین، هەڤاڵێکی ئیمە ئەگەر تاوانێکی کرد ئەگەر کارێکی نایاسایی کرد لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرێت، بەڵام لە رێگای یاسایی و شەفاف دادگایی بکرێت. ئێمە داوامان کردووە هەڤاڵەکانمان کە دەگیرێن دادگایەکی ئاشکرا بکرێن وەک هەموو ئەو خەڵکەی تر. وەک ئەوە نەگیرێت کە هەڤاڵی ئێمەن و هەڤاڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن".
لە کۆتایی قسەکانیدا لەتیف شێخ عومەر جەختی لە یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی کرد و گوتی: ''ئێمە لەو بڕوایەداین کە کاتی ئەوە هاتووە ئیمە هەموومان پێکەوە دەتوانین ئەو میللەتە بپارێزین. کیانەکەمان بپارێزین، بەیەکەوە دەتوانین بنیاتی بنێین و پێکەوە دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان بپارێزین و رەوتی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەرەو پێش ببەین و حکوومەتێکی سەرتاسەری بەهێز دروست بکەین، ئێمە وەکو هێزەکانی تری هەرێمی کوردستان بەدەر لەعەقڵیەتی کەمینە و زۆرینە بەیەکەوە دەتوانین پارێزگاری لە میللەتەکەمان بکەین و لە کاتە سەختەکانیشدا ئەوەمان سەلماندووە کە تەنیا پێکەوە دەتوانین نموونەی جوان و پێشکەوتوو و بەرزیی لە بەرگری لە میللەتەکەمان نیشان بدەین، هیوادارین ئەم وانەیە بۆ هەموو کەسێک روون بێت و هەموو لایەک سوودی لێ بکەن''.