hemn husain
12 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
هەولێر - AA
گردبوونەوەكە بە بەشداری ژمارەیەك لە كوردانی فەیلی لەبەردەم باڵەخانەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بە كۆمەڵێك دروشمی جیاجیا بۆ پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا.
سەۆكی رێكخراوی پشتكۆ بۆ كاروباری كوردانی دەرەوە ئەحمەد عزەددین كەلهوڕی كە نوێنەری كوردانی فەیلی بوو بۆ ئەم گردبوونەوەیە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و گوتی: "بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەم گردبوونەوەیەمان ئەنجام داوە و دەمانەوێت نیگەرانییەكانی خۆمان بگەیەنینە سەرۆكایەتی هەرێم چونكە لە زۆربەی فەرمانگەكانی حكوومەت تاكو ئێستاش وەك هاووڵاتییەكی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵدا دەكرێت".
ئەحمەد عزەددین كەلهوڕی گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە وەكو هاووڵاتییەكی كوردستانی هەژمارمان بكات و رێگا بدات بەبێ كارتی نشینگە هاتوچۆ بكەین و لەگەڵ ئەوەشدا داوادەكەین كە هەڵبژاردنێك لەناو كوردانی فەیلی بكرێت بۆ دەستنیشان كردنی نوێنەری كوردانی فەیلی".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پشتگیری خۆیانی بۆ حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە و گوتی: "ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەڵام ئەوە تاوانی ئێمە نییە كە زاراوەی سۆرانی بەباشی نازانین چونكە هەلومەرجی سیاسیی وای كردووە كە ئێمە لە شوێنە جیاجیاكانی عێراق گەورەبین و تێكەڵاوی زمانی ئەو ناوچانە بین". هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەحمەد كەلهوڕی ئاماژەی بە رۆڵی كوردانی فەیلی كرد لەناو شۆڕشەكانی كورد و شەهید لەیلا قاسمی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: "ئێمە لەمێژووی رزگاریخوازی كورد شوێن پەنجەمان دیارە و یەكێك لە شەهیدەكانی كوردانی فەیلی شەهید لەیلا قاسم بوو كە تا هەتایە شانازی پێوە دەكەین".
جێگەی ئاماژەیە بەشێكی زۆر لە كوردانی فەیلی لە ووڵاتی ئێران لە ناوچەكانی كرماشان و لورستان و ئیلامدا دەژین كە شیعە مەزهەبن و بەشێكیشیان لە پارێزگاكانی بەغدا و دیالەدا دەژین. بەپێی قسەی سەرۆكی رێكخراوی پشتكۆ ئەحمەد عزەددین كەلهوڕی، ژمارەی كوردانی فەیلی لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3 هەزار و 600 كەس دەبێت.