24 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2020
دھۆک - AA
شەوی رابردوو لە ناحیەی کەلەک سەر بە قەزای بەردەڕەش لە کاتی ماسیگرتن لە رووباری کەلەک دەمەقاڵە لە نێوان چەند ھاووڵاتییەکی ئەو ناحیەیە درووست دەبێت و شەڕ لە نێوانیاندا روودەدات، لە ئەنجامدا کەسێک دەکوژرێت و چوار کەسیش برینداردەبن.
بەرپرسی راگەیاندنی پولیسی پارێزگای دھۆک، ھێمن سلێمان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە کاتژمێر نوی شەوی رابردوو چەند گەنجێکی ناحیەی کەلەک لەسەر رووباری کەلەک لەکاتی گرتنی ماسیدا دەبێتە دەمەقاڵەیان، رووداوەکە لەسەر گرتنی وێنە لە لایەن گەنجێکەوە روویداوە کە ئەوانی تر پێی دەڵێن وێنەمان مەگرە، بەوهۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان و دواتر شەر درووست دەبێت".
ھێمن سلێمان گوتیشی: "لە نجامی ئەو شەڕەدا کەسێک کوژاروە و چوار کەسیش برینداربوون، لەسەر ئەو رووداوەش چوار کەس دەستگیرکراون کە ھەموویان خەڵکی ناوەندی ناحیەی کەلەکن".
بەرپرسی راگەیاندنی پولیسی پارێزگای دھۆک راشیگەیاند: "لێکۆڵینەوەکانی پولیس لەسەر رووداوەکە بەردەوامە و ئەوکەسانەی کە دەستگیرکراون بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان ڵەگەڵدا دەکرێت".