Heman Hussein Yaseen Yaseen
25 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
هەولێر - AA
سەرۆک شارەوانی هەولێر، سامان محەمەد رایگەیاند کە داواکارییەکانییان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە راوەستاوەکان کە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کردووە، ئاشکرایشی دەکات کە ساڵانە پێویستییان بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار هەیە بۆ ئەو پڕۆژانەی لە پلانی سەرۆکایەتی شارەوانیدایە.
سامان محەمەد لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆژە راوەستاوەکان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکان راوەستابوون، لەسەر بڕی سەدا ١٧ی دیاریکراو توانیمان ساڵانە بەبڕی ١٠ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین، لەم کابینەیەشدا هەموو داواکارییەکانمان ناردووەتە وەزارەت و لەوێشەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە و ئومێد دەکەین بە بایەخەوە سەیری پێداویستییەکان بکەن".
سەرۆک شارەوانی هەولێر، سامان محەمەد گوتیشی: "لە داواکارییەکانماندا زۆر پێداویستی گرنگ هەیە وەک؛ پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی١٥٠ مەتری، هەروەها چەند گەڕەکێکی نوێ هەیە لەگەڵ بابەتی ئیفرازات وەک گەزنە و ئەو شوێنانە بۆیە بە رەزامەندی نیشاندان لەسەر داواکارییەکانمان دەتوانین چەندین پڕۆژەی گرنگ ئەنجام بدەین".
سامان محەمەد سەبارەت بە بڕی بوودجەی تەخمینکراوی ساڵانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان گوتی: "ساڵانە ١٠٠ ملیار دینارمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پرۆژانەی کە لە بەرنامەماندایە، جێبەجێی بکەین و لە داواکارییەکانیشماندا جێگای هەموو ئەوانەمان کردووەتەوە".
سەرۆک شارەوانی هەولێر، سامان محەمەد لەبارەی کەمتەرخەمی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گوتی: "ناوەوەی پڕۆژەکان لە ئەستۆی وەبەرهێنانە، بەڵام دەرەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و لەسەر راسپاردەی وەزیری شارەوانی هەموو ئەو شوێنانەمان دیراسە کردووە کە کەمتەرخەمی تیادایە و کاری بۆ دەکرێت".
سامان محەمەد سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر دوو تاپۆدا گوتی: "لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی دیراسەمان کردووە کە هەموو کەسێک دەتوانێت دەست بە دابەش دوو بکات، پێشووتر ئەگەر لەو دوو کەسە، کەسێک خانووێکی دیکەی بەناو بوایە، ئەوا نەیدەتوانی مۆڵەتی دابەش دوو وەربگرێت، بەڵام لەئێستادا ئەم رێنماییەش نەماوە و هەموو کەس دەتوانێت زەوی دابەش دوو بکات".