Zana Natık Kerem
01 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2023
ھەولێر ــ AA
بە بەشداری نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، ھەروەھا کەسوکاری شەھیدان، رێوڕەسمی ١٩مین ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوباتی ٢٠٠٤ لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا، ھەریەک لە نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ھەروەھا کەسوکاری شەھیدان تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی شەھیدان دانا.
لە یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤دا کە ھاوکاتبوو لەگەڵ رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان، ھەر دوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر کرانە ئامانجی دوو کردەی تیرۆریستی و لەئاکامدا، ١٠٣ سەرکردە و ئەندامی ھەر دوو حزبەکە، پێشمەرگە و ھاووڵاتیی شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.