Zana Natık Kerem
16 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەگەرچی چەند ساڵێکە ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکوومەتی فیدراڵیی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجەدا ناکات و رێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
مەسرور بارزانی لە ٣٤مین ساڵیادی کیمیارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە ٣٤مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە، سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین و بەوپەڕی رێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە "ھەڵەبجە مەڵبەندێکی گرنگی رووناکبیری، ھەروەھا زێدی چەندین شاعیر، نووسەر، زانا، دانا و عارفی ناودار و بەناوبانگی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگی لە دڵ و دەروونی کوردستانیاندا ھەیە و بووەتە یەکێک لە سیمبولە ھەرە دیارەکانی قوربانیدانی گەلی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە مافە رەواکانی، بۆیە لەم یادە خەمناکەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان، برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و گشت قوربانییانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستوور قەرەبوویان بکاتەوە و رێز لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی ھەڵەبجە بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەشی ھاووڵاتییانی بەشمەینەتی ئەم شارە ئازیزەمان بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ھەروەھا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی "ئەگەرچی چەند ساڵێکە ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکوومەتی فیدراڵیی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجەدا ناکات و رێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت".
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-دا، ھەروەھا ھاتووە "داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵیی دەکەین لە زووترین کاتدا ئەو رێکارانە تەواو بکەن و چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت و لە ھەمانکاتدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکھاتەی ئیداریی پارێزگای ھەڵەبجە بە ھێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە کە خزمەتێکی شایستەی ھەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.
٣٤ ساڵ لەمەوبەر، کاتژمێر ١١:٠٥رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسی عێراق شاری ھەڵەبجەیان بە گازی کیمیایی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی مەدەنی شەھیدبوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەیش برینداربوون.