Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، کوژرانی راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، د. کاوان ئیسماعیل و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین، د. ئیدریس حەمەخانی راگەیاند.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی بەردەم کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەمە ٢٨ی حوەزیرانی ٢٠٢٢، لە ڕوداوێکی نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراودا، لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین – ھەولێر، یەکێک لە خوێندکارانی بەشی یاسا بە چەک ھێرشی کردووەتە سەر حەرەمی زانکۆ و بەداخەوە لە ئەنجامدا، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، د. کاوان ئیسماعیل و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین، د. ئیدریس حەمەخان کوژراون و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار بوون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکارو خانەوادەی مامۆستا کوژراوەکان کردووە و و ھیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارەکە خواستووە.
راشیگەیاندووە "بەتوندی ئیدانەی ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکەین، لەپێناو سەروەری یاساو پاراستنی حەرەمی زانکۆکان ھەمو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینە بەر، ھیواشمان وایە ھەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتی ئەکادیمی زانکۆکان پێکەوە ھەماھەنگ بن بۆ ئەوەی ھەمووان بەرپرس بین و رێگا نەدەین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت".
بەیانی ئەمڕۆ خوێندکارێکی زانکۆی سۆران ھێرشی کردە سەر ماڵی مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین، د. ئیدریس حەمەخان و تەقەی لێکرد و بەھۆیەوە ناوبراو کوژران. دواتر ھەمان ئەو خوێندکارە لە بەردەم کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین تەقەی لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، د. کاوان ئیسماعیل کرد و بەھۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.