Ozhin Ramadhan Salih
02 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
کەرکووک – AA
رێگری لە ٢٧ کۆمپانیای وڵاتی ئێران کرا بێنە ناو کەرکووک و بەشداری پێشانگای بەھارە بکەن.
پێشانگای بەھارە بە بەشداری کۆمپانیاکانی وڵاتانی تورکیا، میسر، ھندستان، ئێران و کۆمپانیا نێوخۆیی و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و لە بازگەی کەرکووک رێگری لە کۆمپانیاکانی وڵاتی ئێران کرا کە بێنە نێو پارێزگای کەرکووکەوە.
لەسەر پێشانگاکە جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی کەرکووک، عومەر مامۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی ھاتوچۆ، ماوەی ساڵێکە ھیچ چالاکیەکمان ئەنجام نەداوە لەئێستایشدا بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراق بەگرنگمانزانی و زۆربەی بازرگان و کۆمپانیاکانمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بەبازاڕکردنێکی باش ئەنجام بدەن و شتومەک و کاڵاکانی وەرزی بەھار بەنرخێکی کەمتر بەھاووڵاتییان بفرۆشن".
عومەر مامۆ گوتیشی: "ھاووڵاتییان گازندەی ئەوە دەکەن کە نرخی شتومەک و کاڵاکان بەرزبوونەتەوە و بۆیە ئێمەیش بەھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیڵ سەرەڕای ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی بەرۆکی شاری کەرکووکی گرتووە ئەنجام بدرێن".
لەسەر رێگری لەبەشداریکردنی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئێران، عومەر مامۆ ئاماژەی بەوەکرد کە بەھۆی درەنگ گەیشتنی ناوی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئێران و پێدانی ناوەکانیان بەبازگەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و رێکەوتی ھاتنیان بەرۆژی قەدەغەی ھاتوچۆ، رێگری لەکۆمپانیاکانی ئێران کرا لەبازگەکانی کەرکووک تێپەڕن و بەشداری پێشانگاکە بکەن.
لەلای خۆشیەوە بەڕێوبەری پەیوەندیەکان لە کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیڵ، شەوقی عومەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجامدانی ئەم پێشانگایە گرنگی تایبەتی بۆ ھاووڵاتییان ھەیە ئەویش بەھۆی بوونی زۆربەی کەرەستەی و پێداویستیانەی رۆژانەی خەڵکییە کە لەگەڵ ھاتنیدا بۆ ئێرە ئەوەی پێویستیتی بەرچاوی دەکەوێت وەک خواردن و جلوبەرگ و کەرەستەی پاککردنەوە و فەرش و ئکسسوارات و چەرەزات و ترشیات و زۆرشتی تری رۆژانەی خەڵکی".
محەمەد عەبدولخالق بەشداربویەکی پێشانگای بەھارەی کەرکووکە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئێمە بەکەرەستەی پاکەرەوە و کلێنس بەشداری پێشانگاکەمان کردووە و سەرجەم کەرەستەکانیشمان ناوخۆین و بەرھەمی وڵاتی خۆمانە و ھاتووین بۆ کڕیار و ھاووڵاتییانی نمایش بکەین و داشکاندێکی زۆرمان بۆ کڕیارەکانمان کردووە".
محەمە عەبدولخالق گوتیشی: "لەم پێشانگایە ھەلی کارمان بۆ ھەشت گەنج رەخساندووە کە بەدرێژایی رۆژانی پێشانگاکە لەگەڵمان کار دەکەن و ئەزموونی بازاڕکردن و فرۆشتن وەرگردەن و وەک دەریشدەکەوێت لە یەکەم رۆژی پێشانگاکە پێشوازیەکی زۆرمان لێ کراوە و پێشانگاکەیش ھەنگاوێکی باش و گرنگە بۆ ئێمە".