هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر کاروان عەبدولکەریم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند : " کردارەکە خۆکوژی بووە و کونسڵخانەی ئەمەریکای کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوەش هەشت قوربانی لێکەوتۆتەوە.
ئەو گوتیشی : " لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە تائێستا زانیاری ورد نییە کە رووداوەکە چۆن بووە، بەڵام ئەوەی زانیاری هەبێ لەبارەی قوربانیان ئەوەیە، کە سێ کەس شەهید بوونە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی راگەیاند :" پێنج ئۆتۆمبێلی نزیک رووداوەکە زیانیان بەرکەتووە و لێکۆنەوەی زیاتریش لە ئارادایە بۆ ئەوەی بزانرێ کە ئەو تەقینەویە لە رێگای کاری خۆکوژی بووە یان لە رێگای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو بووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاسایش لە شاری هەولێر کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند : " بەپێی زانیارییەکانی سەرەتایی دەرکەتووە کە تەقینەوەکە لە رێگای کەسێکی خۆکوژ کە ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری هۆندا ژمارە کاتی لێخوریوە روویداو خۆکوژەکە لەنزیک کونسڵخانەی ئەمەریکا لە شارۆچکەی عەنکاوەی سەر بەشاری هەولێر خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی تەقاندۆتەوە.
ئەو گوتیشی : " لەدەرنجامی تەقینەوەکەدا سێ شەهید و پێنج برینداری لێکەتۆتەوە کە لە نێو بریندارەکاندا کەسێک بەرەگەز ئەمەریكی و کەسێکی دیکەی بەرەگەز تورکی تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە دوای تەقینەوەکە بەچەند خولەکێک گەیشتە شوێنی رووداوەکە گوتی :" سەعات پێنج و چلو پێنج خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگای ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هۆندا تەقینەوەیەک لە بەردەم کافتریایەکی نزیک کونسڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر روویدا.
ئەو گوتیشی : " هێزەکانی ئاسایشپارێزی ناوچەکە پێش ئەوەی تەقینەوکە رووبدا، گومانیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و لەبەردەم کافتریاکە تەقەیان لێکردووە و رێگریان لە کەسە خۆکوژەکە کردووە، تا کردارەکە لەبەردەم کونسڵخانەی ئەمریکا ئەنجام نەدات.
پاشان خۆکوژەکە بەناچاری خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی لەهەمان شوێن واتە بەنزیکی 200 سەد مەتر لە کونسڵخانەی ئەمەریکا و لەبەردەم کافتریایەک تەقاندۆتەوە و بە هۆیەوەش ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە کە لەنێوانیاندا دوو پێشمەرگەی زێرەڤانی تێدایە.
پەیامنێری ئانادۆڵو گوتیشی : " پاش تەقینەوەکە هێزەکانی ئاسایشپارێزی هەولێر کەوتوونەتە ئامادەباشی تەواو و ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە و لە ئاسمانەوەش هێلێکۆپتەری سەر بە پۆلیسی هەولێری چاودێری ناوچەکە دەکات.
پێشتریش لە 29-9-2013، هێرشێکی تیرۆریستی كرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر. و لە ئەنجامدا 6 كەس كوژرا و 62 كەسی دیكەش بریندار بوون.