Heman Hussein Yaseen
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2023
هەولێر - AA
لە وەرزی هاویندا بە تایبەتی لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا، پلەکانی گەرما لە زۆربەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیک ٥٠ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە و هاووڵاتییانیش بەپێی توانا خۆپارێزی لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر دەکەن، بەڵام بەشێکیان ناچارن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان راستەوخۆ تیشکی خۆریان بەربکەوێت.
ئەو پیشە و کارانەی کە مەترسی فشاری گەرمییان لەسەرە بریتین لە کرێکارانی کرێی رۆژانە، کارمەندانی بەرگریی شارستانیی، کرێکارانی نانەواخانە، جووتیاران و کرێکارانی بیناسازیی.
هەولێر یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرمی تیایدا بەرزە، هەر بۆیەش لە بەشێکی شەقامەکانی شاردا، سەرنجت دەچێتە سەر سەدان کرێکار کە لە ناوەڕاستی شۆستەکاندا لەژێر سێبەری دارەکان دانیشتوون و چاوەڕوانی ئەوەن کاریان دەست بکەوێت.
کرێکارەکانی کرێی رۆژانە لەژێر سێبەری دارەکانی باخچەکانی نێوان شەقامەکانی ١٠٠ مەتری دانیشتوون، هەندێکی دیکەیشیان راستەوخۆ لەژێر تیشکی خۆردا لەسەر شۆستەکان دانیشتوون و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی پلەی گەرمای بەرز، کڵاویان لەسەر کردووە و خۆیان دەمامک داوە.
شوان محەمەد (٥٠ ساڵ) باسی لەوە کرد کە ماوەی ١٥ ساڵە کرێکاری دەکات و رۆژانەش لەژێر سێبەری دارەکانی باخچەی نێوان شەقامەکانی سەد مەتری دادەنیشێت بۆ ئەوەی کارێکی دەست بکەوێت، ئەو ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای ئەوەی تیشکی گەرماکە زۆر بەتینە بەهۆی دابەزینی بەهای دیناریشەوە کار وەستاوە.
کرێکار، شوان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ١٥ ساڵە کرێکاری دەکەم، خاوەنی شەش منداڵم کە هەموویان قوتابین، رۆژانە کاتژمێر حەوتی بەیانی تا چواری ئێوارە لێرەین بۆ دەستکەوتنی کار، هاوکات لە رووی تەندروستییەوە گەرما کاریگەری خراپی کردووەتە سەرمان، بەتایبەت لە کاتژمێر ١٢ بۆ یەکی نیوەڕۆ کە گەرماکە هێندە بەتینە بە ئەستەم دەتوانین هەناسە بدەین".
ناوبراو ئاماژەی بەخراپی دۆخی کارکردن کرد و گوتی: "ماوەی هەفتەک دەبێت بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە کار نەماوە، لەو شوێنەی ئێمە دانیشتووین نزیکەی ٢٠٠ کرێکاری لێیە، رۆژانە ژمارەیەکی کەممان کارمان دەست دەکەوێت".
عادل محەمەد پیرداود (٦٠ ساڵ) ماوەی ٤٠ ساڵە کرێکاری دەکات و ماوەی ٢٠ ساڵیشە بەیانییان دێتە ئەم شوێنە بۆ ئەوەی کاری دەست بکەوێت، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر کارکردن لەئێستا خۆشتربووە و رۆژانە چەند کاتژمێرێکی کەم کاریان کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی کارەوە ئامادەن ژمارەیەکی زۆر کاتژمێر کار بکەن.
کرێکار، عادل محەمەد پیرداود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خاوەنی پێنج منداڵم لە ساڵی ١٩٨٣وە کرێکاری دەکەم و ماوەی ٢٠ ساڵیشە لێرە کار دەکەم، پێشووتر کارکردن خۆشتربوو، بەجۆرێک کاتژمێر ١١ دەستمان بەکار دەکرد و کاتژمێر چواری ئێوارە تەواو دەبووین، بەڵام چونکە ئێستا کار نییە، بۆیە لە هەر کاتێک پەیوەندییمان پێوەبکرێت ئامادە دەبین بۆ کارکردن، یەکێک لە هۆکاری نەبوونی کاریش، بوونی سەدان کرێکاری بیانییە لە شەقامەکانی شاردا".
ئەو کرێکارانەی کە لە وەرزی گەرمادا لە دەرەوە کار دەکەن، بەرکەوتنی تیشکی راستەوخۆی خۆر دەبێتە ھۆی ئارەقەکردنێکی زۆر و ھەندێکجاریش سەرگێژبوون و لەهۆشچوون، لەمبارەیەوە عادل محەمەد پیرداود گوتی: "هیچ خۆپارێزیمان بۆ گەرما نییە و زۆرجار کرێکار هەبووە بەهۆی گەرماوە لە هۆش خۆی چووە و دوای پێداکردنی هەندێک ئاوی سارد بە دەم و چاوی، ئەوا بەهۆش خۆی هاتووەتەوە، ئەگەر سەیر بکەن هەموو پێستمان سووتاوە و چاوەکانمان تووشی هەستیاریی بوون، بەڵام هیچ چارەسەرێکیش نییە، چونکە بەردەوام تیشکی راستەوخۆی خۆرمان بەر دەکەوێت".
دوای پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر شار و ناوچەکانی عێراق، ژمارەیەک هاووڵاتی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێک لەو هاووڵاتییانەش بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانییان، لەسەر شەقامەکان وەستاون و کرێکاری دەکەن.
ساجر عەلی خەڵکی ناحیەی گەیارە سەربە پارێزگای نەینەوا دوای پەلامارەکانی داعش، رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و وەک خۆی دەڵێت رۆژانە خەریکی کرێکارییە بەکرێی رۆژانە.
ساجر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش داعش کرێکاریم دەکرد، دوای ئاوارەبوونیشم بۆ هەولێر لێرە کرێکاری دەکەم، رۆژانە لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە تا حەوتی ئێوارە لەسەر شەقامەکانم بۆ پەیداکردنی کار".
گوتیشی: " گەرما و تیشکی خۆر کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستیمان دروستکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لێرەین، گەورەترین کێشەی رۆژانەمان نەبوونی شوێنێکە بۆ ئەوەی لێی دابنیشین کە لە گەرما و تیشکی خۆر بمانپارێزێت".