Hüseyin Demirci
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2023
قەرس - AA
لە چوارچێوەی ئەو گەشتانەی لەلایەن کۆمەڵەی سرووشتی باکوور رێکدەخرێن، سرووشتدۆستان لە شارە جیاوازەکانی تورکیاوە سەردانی شوێنە مێژووییەکانی ناوچەکانی قەرس، ئیدر و ئەردەخان'یان کرد و چانسی بینینی سرووشت و گیانلەبەرە کێوییەکانیان بۆ رەخسا.
سرووشتدۆستان بە رێبەرایەتیکردنی مامۆستا لە زانکۆی یوتا و کۆچی ئەمریکی و سەرۆکی کۆمەڵەی سرووشتی باکوور، پڕۆفیسۆر د. چاغان شەکەرجیئۆغڵو، سەردانی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پارێزگاکانیان کرد.
شەکەرجیئۆغڵو بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەو گەشتە چوار رۆژییەدا کرد کە بۆ تیمێکی ٢٥ کەسی رێکی خستبوو و گوتی: "دەریاچەی کویوجوک و بەهەشتی باڵندەی ئاراس و کڵێسا و دەریاچەمان لە گوندی کاغزمان چەنگللی بینی. ئێستاش هاتووین بۆ ساریکامیش. هیوادارین ورچی قاوەیی ببینین. دۆڵی کەکلیک بۆ ئێمە سوپرایزێک بوو. رێڕەوی زۆر جوان دروستکراوە. من و هاوڕێکانم یەکەم کەس بووین توانیمان دۆڵەکە و ئەو تاڤگەیە ببینین کە لەو شوێنەدابوو".
شەکەرجیئۆغڵو روونی کردەوە کە بەشداربووانی گەشتەکە دەرچووی کۆلێژی رۆبەرت بوون و گوتی: "ویستم ئەمساڵ گەشتی دەرچووانی کۆلێژەکە بۆ شارەکانی قەرس، ئیدر، ئەردەخان بێت. هاوڕێی زۆرم هەبوون کە ساڵانێک بوو دەیانویست بێنە ئێرە، سرووشت و گیانلەبەرە کێوییەکانی ئەم ناوچەیە ببینن و تامی خواردنی ناوچەکە بکەن".
هورۆڵ ئەیاز کە یەکێکە لە سرووشتدۆستان، رایگەیاند کە ئەوان قەزای ساریکامیش'یان زۆر بەلاوە جوان بووە و گوتی: "جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین سرووشتی ساریکامیش بە شێوەیەکی باش پارێزگاری لێ دەکرێت و کۆمەڵەیەکی وەک سرووشتی باکوور هەیە کە لێرە چاودێری گیانلەبەرە کێوییەکان دەکات".