لەچوارچێوەی یادکردنەوەکانی تایبەت بە 27 هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و لە گوندی عەنەب لە هەڵەبجە رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ بەخاكسپاردنی هەشت شەهیدی كیمیاباران بەڕێوە چوو.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی كوردستان فوئاد عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو هەشت كەسە لە پێنج پیاو و سێ ژن پێكهاتوون كە لە رۆژی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا لە ناوچەكانی دەورووبەری هەڵەبجە كیمیایی لێی داون و شەهید بوون".
ئەو گوتی: "ئەو رووفاتانە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە گوندی خێڵی حەمە و دەڵەی مەڕو ئەحمەد ئاوا دۆزراونەتەوە و پشكنینیان بۆ كراوە و كەسوكاریان دۆزراوەتەوە، دواتر لەسەر داوای كەسوكاریان ئەمڕۆ لەساڵیادی كارەساتەكە و لە رێوڕەسمێكدا بەخاك دەسپێردرێن".
دوان لە روفاتەكان ژن و پیاوێكن كە دایك و باوكی شوانن، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دایك و باوكم لە رۆژی 16ی ئاداری 1988 لە گوندی ئەحمەد ئاوا بەر چەكی كیمیایی كەوتن و گیانیان لەدەست دا و لە گۆڕێكدا بەشێوەیەكی كاتی نێژرابوون".
بە گوتەی شوان دوای دۆزینەوەی گۆڕەكان روفاتەكانیان براوەتە نەخۆشخانەكانی سلێمانی و پشكنینی DNA یان بۆ كراوە و كەسوكاریان دۆزیوەتەوە.
قائیمقامی هەڵەبجە ئەركان حەسەن لە رێوڕەسمەكەدا گوتی: "دوای 27 ساڵ سەدان برینداری كارەساتەكەمان هەیە كە بەهۆی كاریگەریی چەكەكەوە دەناڵێنن و رۆژانە گیان لەدەست دەدەن، دوایینیان ئەمڕۆ ژنێكی بەركەوتەی ئەو چەكە گیانی لەدەست دا".
قائیمقامی هەڵەبجە هیوای خواست لە داهاتوودا بتوانن تەواوی ئەو شەهیدانەی تری كیمیاباران كە گۆڕەكانیان دیار نییە و لەكاتی كارەساتەكەدا بە كاتی نێژراون و كەسوكاریان بە شوێنەكانیان نازانن، بیاندۆزنەوە و لە شوێنێكی دیاریكراودا بەخاكیان بسپێرن".
رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەوەی ئەو قوربانیانەی كیمیاباران لەچوارچێوەی ئەو چالاكیانەدا هات كە ئەمڕۆ بەبۆنەی 27 هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە ئەنجام دران.
رۆژی 16 ئاداری ساڵی 1988 رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بە چەكی كیمیایی بۆردومانی شارەكەی كرد، بەو هۆیەوە پێنج هەزار كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 10 هەزار كەسی تریش بریندار بوون.
گەلی کورد لە سەرانسەری جیهان ساڵانە یادی ئەو کارەساتەیان بەرز رادەگرن.