Heman Hussein Yaseen
14 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
گۆڕەپانی نەوتفرۆشان لە هەولێر کە بە بازاڕی رەش ناودەبرێت، بە دەیان شوێنی فرۆشتنی نەوتی سپی لێیە و سەدان تانکەری ئەمبارکردن لەو گۆڕەپانەدا دەبینرێن. ئەو شوێنە بە بۆرسەی نەوتی هەولێر دادەنرێت و جموجۆڵە بازرگانییەکانی پەیوەندیدار بەو بەرهەم نەوتییەکان، لە خواست، خستنەڕوو، تاقیگە و سەرئەنجام مامەڵەکردن لە خۆی دەگرێت.
لەوێیەوە نەوتی سپی لە رێگای بەرمیلەوە بۆ تەواوی سنووری پارێزگای ھەولێر دەگوازرێتەوە، لەو گۆڕەپانەش نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە ئێستادا بە ٢٧٢ ھەزار دینارە و بازرگانانیش پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە وەرزی زستاندا دەکەن.
لە گۆڕەپانی نەوتفرۆشان، جگە لە بوونی دەیان شوێنی کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان، هاوکات بۆڕسەیەک و چەند تاقیگەیەکیشی لێیە و رۆژانە بازرگانان لە رێگای ئەو بۆڕسەیەوە نرخەکانیان دیاریی دەکەن، نرخەکانیش لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕووەوە جووڵەی پێ دەکرێت.
لەبەردەم بۆڕسەکەدا لە بەیانییەکی زووەوە، بازرگاکان بەرهەمە جۆراوجۆرەکانیان لەناو بوتڵی بچووکی ئاو کردووە و لەسەر کاغەزێکی سپی، جۆری بابەتەکەیان نوسیووە بۆ ئەوەی لێیان تێکەڵ نەبێت، ئەو بابەتانە دەدەن بە تاقیگەکان و تێچووی هەر پشکنینێک ١٠ هەزار دینارە.
بە گوتەی بازرگانان، ئەوان گرێبەستەکانیان واژوو دەکەن و بەرهەمە نەوتییەکان دەکڕن، دواتر دێن پشکنین بۆ جۆر و کوالێتی بەرهەمەکە دەکەن لە حاڵەتی ئەوەی کە ئەنجامی پشکنینەکە هاوتا نەبوو لەگەڵ ناوەڕۆکی گرێبەستەکەدا، ئەوا یان بەرهەمەکە بۆ فرۆشیار دەگەڕێندرێتەوە یان فرۆشیار داشکان لە نرخی بەرهەمەکە دەکات.
یەکێک لە بازرگانانی نەوت ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بڕینی بەشە نەوتی کۆمپانیاکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، پێشبینی ئەوەش دەکات ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا لە وەرزی زستاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ٣٠٠ هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.
بازرگانی نەوت، شێروان سەلیم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە لەم گۆڕەپانەدا، روون، گازوایل و نەوت دەفرۆشین، سەرچاوەی نەوتەکە زیاتر باشووری عێراقە و بە دیاریکراوی پارێزگای بەغدایە و بە قاچاغ دەیهێنینە هەولێر، چونکە ئێستا بەشە نەوت کەمە، پێشتر بەشە نەوتی کۆمپانیاکانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەدرا، بەڵام ماوەی دوومانگە ئەو بەشە نەوتە راگیراوە".
شێروان سەلیم دەشڵێت "هۆکاری گرانبوونی نرخی نەوت ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق بڕە نەوت ئەمبار دەکات بۆ ئەوەی بیداتە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک، حکوومەتی هەرێمیش هیچ بەرهەمێکی نەوتی نییە، پار ساڵیش کاتێک حکوومەت هەندێک نەوتی دابەشی سەر هاووڵاتییان کرد، ئەوا لە بازاڕی رەش دەیکڕییەوە و دابەشی سەر خەڵکی دەکرد".
لەبارەی جۆرەکانی نەوت و بڕی نەوت هاوردەکراو بۆ هەولێر و خواستی هاووڵاتییان، شێروان سەلیم دەڵێت: "دوو جۆری سەرەکی نەوت لە بازاڕدا هەیە، ئەوانیش بە زمانە بازاڕییەکەی پێی دەڵێن فلاش بەرز کە بۆ گازوایل دەبێت، هەروەها فلاش نزم ئەو جۆرەیە کە هاووڵاتییان بەکاریدەهێنن، ئەو جۆرەیان لەئێستادا نرخی یەک بەرمیل ٢٧٢ هەزار دینارە لە کاتێکدا پارساڵ لەم کاتەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٦٠ هەزار دینار بوو، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بێت، ئەوا پێشبینی دەکەین نرخی یەک بەرمیل نەوت لە وەرزی زستاندا تا ٣٠٠ هەزار دینار بەرزبێتەوە".
شێروان سەلیم گوتیشی: "رۆژانە پێنج تانکەری ٣٦ هەزاری لتری دێتە هەولێر لە کاتێکدا هەولێر رۆژانە پێویستی بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار لتر هەیە واتا نزیکەی ١٤ تانکەر لە رۆژێکدا".
یەکێکی دیکە لەو بازرگانانەی کە لە بۆڕسەکەدا، کار لەسەر نرخ و بەرهەمە نەوتییەکان بە تایبەتی گازوایل دەکات، ئاماژە بە جۆرەکانی گازوایل دەکات و رایدەگەیەنێت کە جۆرێکیان تێکەڵەی روون و نەوتە و خاوەن مۆلیدەکان بەکاری دەهێنن.
بازرگان، لەتیف شێرزاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم گۆڕەپانەدا، گازوایل، نەوت و بەنزین بازرگانی پێوە دەکرێت، ئەگەر گازوایل بە نموونە بهێنینەوە لە کاتێکدا خاوەن مۆلیدەکان گلەیی لە نرخی گازوایل دەکەن، ئەمڕۆ بەرمیلی گازوایل بە ٢٤٥ هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام خاوەن مۆلیدەکان ئەو گازوایلە بەکارناهێنن، بەڵکو ئەو گازوایلەی خاوەن مۆلیدەکان بەکاریدەهێنن نرخی یەک بەرمیلی بە ١٥٠ هەزار دینارە".
لەبارەی جیاوازی نرخ و کوالێتیی، لەتیف شێرزاد گوتی: "جیاوازییەکەی ئەوەیە ئەو گازە هەرزانە، هۆکاری هەرزانییەکەشی ئەوەیە کە روون و نەوتاوی تێکەڵ دەکەن و دەبێتە گازوایل، ئەگەرچی ئەوان گلەیی دەکەن و نرخی ئەمپێری کارەبا بەرزدەکەنەوە و بە حکوومەت دەڵێن کە گازوایل گران بووە، بەڵام ئەو گازوایلە گرانە بەکارناهێنن و جۆرە هەرزانەکەی بەکاردەهێنن".
لەتیف شێرزاد دەشڵیت: "ئەو جۆرەیان روونی کارگەکانە، پاشماوەی نەوتی خاو (فلۆین)ەکەی لێ جیادەکەنەوە تێکەڵ بە نەوتاوی دەکەن و ئەو گازوایلەی لێ دەردەچێت کە بەکاریدەهێنن".
هاوکات بازرگانێکی دیکە ئەوە دەخاتەڕوو کە بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی زستانەوە، نەوتی سپی خواستی زۆری لەسەرە و ئەمەش وا دەکات کە لە داهاتوودا، نرخەکەی بەرزبێتەوە و پێشبینی ٣٠٠ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دەکات.
بازرگان، فریاد عەبدوڵڵا لەمبارەیەوە گوتی: "رۆژانە لەم گۆڕەپانە خواست و خستنەڕووە، ئێستا بەرەو زستان دەڕۆین، نەوت خواستی زۆری لەسەرە و خستنەڕوو کەمتر بووە، هەر بۆیەش نرخەکەی بەرزە، بێگومان ئەگەر دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا هەبێت لەلایەن حکوومەتەوە، ئەوا بێگومان نرخەکەی دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو نەوتەی هەیە هەمووی لە باشوور دێت و جۆری بێجی لە هەمووی باشترە".