Rewa Mahmood Hasan
25 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
زەیتون یەکێکە لەو درەختانەی کە گونجانێکی تەواوی هەیە لەگەڵ ئاووهەوا و خاکی هەرێمی کوردستاندا، هەربۆیە ساڵانە رێژەیەکی زۆری لێ بەرهەم دێت، بەڵام بەکارهێنانەکەی زۆر سنوردارە و تەنها دوای خۆشکردنی بەکیلۆگرام لێی دەفرۆشرێت بۆ خواردن. لەکاتێکدا بەربوومی زەیتون دەکرێت لە چەندین جۆر بواری پیشەسازی خۆراکیدا سوودی لێوەربگیرێت، بەتایبەت رۆنی زەیتون، لەقووتونان و بەرهەمهێنانی سابون.
دوای کردنەوەی کارگەی رۆنی زەیتونی راسان لە پارێزگای هەڵەبجە ساڵی رابردوو، لەئێستادا و ماوەی مانگێک کەمترە کارگەیەکی تری رۆنی زەیتون لە شاری رانیە دروستکراوە و زەیتون لە جووتیارانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە و دەیکات بە رۆنی زەیتونی پوخت، بێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی تری تێکەڵ بکرێت.
لە کارگەکەدا کە لە پشت چەند باخێکی زەیتونەوە لە لایەن جووتیارێکەوە دروستکراوە، زەیتونی لێ دەکرێت بە رۆنی زەیتون.
سەرەتا زەیتونەکە دەکرێتە حەوزێکە و دەگوێزرێتەوە بۆ نێو شووشتنگەیەک تاکو بشۆردرێنەوە، دواتر رەوانەی ئامرێکی تر دەکرێن لەوێ ئاوی گەرمیان تێکەڵ دەکرێت و پرۆسەی شۆردن، بەهەویرکردن و شێلان دەست پێ دەکات، پاشان رەوانەی ئامێرێکی فیلتەر دەکرێت و رۆن و ئاو و پاشماوەکەی لەیەکتر جیا دەکرێتەوە و دواتر لە رێی ئامێری سەنتەرفیوجەوە رۆنی پوخت لە ئاو و پاشماوەکەی جیا دەکرێتەوە و دەکرێنە دەبەی تایبەتەوە کە رەنگێکی مەیلەو رەشی هەیە.
خاوەنی کارگەکە سابیر حاجی رەسول ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە زۆر خۆشحاڵن بە کردنەوەی ئەو کارگەیە، چونکە پێشتر زەیتونەکانیان بە فیڕۆ چووە، بەڵام لەئێستادا دەتوانن سوودی لێوەرگرن بۆ ئەوەی بیکەن بە رۆن.
سابیر حاجی رەسول ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان رۆژانە لە رێی کارگەکەوە دەتوانن لە شەو و رۆژێکدا،٢٤ تۆن زەیتون بکەن بە رۆن.
ئەو ئاشکراشی دەکات کە رێژەی ئەو رۆنەی لە زەیتونەوە دەستدەکەوێت بەپێی جۆری زەیتونەکە جیاوازە و گوتی: "بۆ نموونە زەیتونی سەوز رۆنی کەمترە، بەڵام کواڵیتی باشترە و زەیتونی رەش رۆنی زۆرترە، بەڵام کوالیتی کەمترە لە چاو زەیتونی سەوزدا، بەگشتی رێژی لەسەدا پێنج تا لەسەدا ١٨ بەربوومەکە دەبێت، واتە لەهەر ١٠٠ لیترێک پێنج لیتری لێدەردەچێت تا ١٨ لیتر".
سابیر حاجی رەسول ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بۆخۆی لە باخەکانی دهۆکەوە ناوبەناو ٢٠ تۆن زەیتون دەهێنێت و دەیانکات بە رۆن، بەڵام جووتیارانی ناوچەکە پۆل پۆل زەیتونەکانیان بۆ دەهێنن و داوای لێ دەکەن بیکەن بە رۆن بۆیان، ئەمیش لەبەرامبەر بڕێک پارەدا زەیتونەکانیان بۆ دەکاتە رۆن و ئاشکراشی دەکات کە لەبەرامبەر هەر یەک تۆن زەیتوندا ١٣٠ هەزار دینار وەردەگرێت.
لەئێستادا ئەوەی کێشەیە لەبەردەم ئەم کارگانە و زۆرێک لە کارگەکانی تری هەرێمی کوردستاندا کەمی شووشەی لە قوتونانە و بەو هۆیەوە سابیر حاجی رەسول ناچارە لە ئێران شووشە بە دروستکردن بدات تایبەت بە رۆنی زەیتون تاکو بەرهەمەکانی بەشووشەکراوی بخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.