سلێمانی
بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، لە ژێر دروشمی "بایەخدان بە بەرهەمە كشتوكاڵیە خۆماڵییەكان ژێر خانی ئابووریمان پتەو دەكات" بەڕێوەبەرایەتی رێنمایی كشتوكاڵی سلێمانی هەستا بە سازدانی بازاڕی بەرهەمی كشتوكاڵی خۆماڵی لە شارۆچكەی سیتەكی ناوچەی شارباژێڕ (باكووری سلێمانی).
شارباژێر ناوچەیەكی كشتوكاڵی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و بەهۆی زۆری ئاو و لە باری كەشوهەواكەیەوە ئەم ناوچەیە سەدان گوند و شارۆچكەی لە خۆگرتووە و دانیشتوانەكەشی سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی و باخدارین، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆریان لە هەموو جۆرەكانی سەوزە و میوە و دانەوێڵە هەیە، هەنگوینی ناوچەكەش بە جۆرێكی نایابی هەنگوین لە كوردستان دادەنرێت.
جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رزگار محەمەد لە بارەی بازاڕەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پرۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان كە بە چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵ كراوەتەوە بۆ بایەخدان بە بەرهەمەكانی نێوخۆیی، ئەوەش لەو سۆنگەیەوەیە كە ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە بەرهەمەكانی خۆماڵی هەیە".
بەرپرسەكەی كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی كرد بە دەوڵەمەندی پارێزگای سلێمانی لە رووی دەشت و ناوچەی كشتوكاڵییەوە و گوتی: "پارێزگای سلێمانی لە نێویشیدا ناوچەی شارباژێر دەوڵەمەندن بە بەرهەمەكانی كشتوكاڵی و هەنگوین و 60 لەسەدی بەرهەمی كشتوكاڵی هەرێم لەم پارێزگایەدایە".
جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئەوەشی گوت، پلانیان داناوە بۆ كردنەوەی ئەو جۆرە بازاڕانە لە ناوچەكانی دیكەی پارێزگای سلێمانی، ئامانج لەوەش ئاشناكردنی هاووڵاتییانە بە بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران و گرنگیدان و هاندانی جووتیاران بۆ زیاد كردنی بەرهەمەكانیان. هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی كشتوكاڵی گرنگە و خاوەنی چەندین زەوی بە پیتی كشتوكاڵییە و زۆربەی ناوچەكان بە باخ و بێستان داپۆشراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئەو بەروبوومە كشتوكاڵییانەی لە بازاڕەكانی هەرێمدا هەیە هی وڵاتانی دەرەوەی هەرێمە كە رۆژانە هاوردە دەكرێن و بەرهەمەكانی خۆماڵی لە بازاڕەكەدا ئامادەییان كەمترە. بەجۆرێك لە بازاڕی شارێك یان شارۆچكەیەكەوە تێپەڕ دەبیت ئەوەندەی گوێبیستی بەرهەمەكانی كشتوكاڵی بە ناوی وڵاتەكانیانەوە دەبیت، نیو هێندە گوێبیستی بەرهەمەكانی خۆماڵی نابیت".
لەلای خۆیەوە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چەند هەنگاوێكی ناوە بۆ كەمكردنەوەی هاوردەی بەرهەمی دەرەكی و بایەخدان بە بەرهەمی خۆماڵی، بەڵام جووتیاران تائێستا نیگەرانن لەوەی هاوكاری ناكرێن و لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیاندا بازاڕیان نییە و لە كشتوكاڵ كردن و كاری جووتیاریدا جگە لە هیلاكی و زیان هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.
جووتیارێك بەناوی عەبدلڕەحمان رەسول كە لە بازاڕەكەدا بە دیار چەند سندوقێك تەماتە و خەیار و گوێزەوە دانیشتبوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم جۆرە بازاڕانە كارێكی بەسوودە بۆ جووتیاران و هاووڵاتییان بەهۆی ئەوەی جووتیار راستەوخۆ و بە تێچوویەكی كەمتر بەرهەمەكەی دەگەیەنێتە دەست كڕیار قازانج دەكات، هاووڵاتیش بە نرخێكی كەمتر بەرهەمێكی تازە و ساغی لە دەستی یەكەمەوە دەست دەكەوێت".
ئەو جووتیارە ئاماژەی كرد بەوەی، ساڵانە بەهۆی نەخۆشییەكانی كشتوكاڵ و گڕە و گەرما و كەم ئاوییەوە بەرهەمیان كەم بووەتەوە، ئەوەشی هەیە بە خەرجییەكی زۆر دەگاتە بازاڕەكان و جووتیاران زیاتر زیان دەكەن لەوەی قازانج بكەن.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان غەریب پێنجوێنی كە ئامادەی كردنەوەی بازاڕەكە بوو لە بارەی كێشەی جووتیارانەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بەرهەمەی لە باخەكانی میوە و سەوزە و دانەوێڵەی كوردستان هەیە بەشی پێداویستی دانیشتووان پڕ دەكاتەوە و پێویستمان بە هاوردەی بەرهەمی دەرەوە نییە، بەڵام كێشە ئەوەیە بەرهەمەكان بەپێی وەرزەكانە و بەردەوام نییە لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی گەورەمان هەیە لە هەڵگرتنی ئەو بەرهەمانە و ساردكەرەوەمان نییە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەكان بۆ ماوەیەكی زیاتر".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی گوت "جووتیار ساڵانە دوو گرفتی سەرەكی هەیە، پاڵپشتی نەكردنی پێویستی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جووتیاران بە هۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و دۆخەكەوە، هەروەها هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوە كە ئەمساڵ تاڕادەیەك ئەو كێشەیە چارەسەر بووە و حكوومەت بۆ هێنانی هەر كیلۆگرامێك سەوزە 250 دینار و یەك كیلۆگرام میوە 350 دینار باجی داناوە كە لە سنوورەكانەوە وەردەگیرێت".