Zana Natık Kerem
07 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2026
وەزارەتی نەوتی عێراق دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە نزیک سنووری سعوودیە ڕاگەیاند کە یەدەگەکەی بە ھەشت ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری نەوتی وڵاتەکەی، حەیان عەبدولغەنی پێشوازی کردووە لە شاندێکی کۆمپانیای زینھوای چینی.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارەکانی پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی قەرنەین کراوە کە لە سنووری پارێزگای نەجەف لە نزیك سنووری سعوودیە دۆزراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی کارەکانی پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی ڕۆژھەڵاتی بەغدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانی نەوت، کارەکانی پەرەپێدان بە کێڵگەی نەوتی قەرەنەین و کێڵگەی نەوتی ڕۆژھەڵاتی بەغدا دراون بە کۆمپانیای زینھوای چینی.
لە ڕاکەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە بەپێی کارەکانی کنە و پشکنینی کۆمپانیای زینھوا، یەدەگەکەی کێڵگەی نەوتی قەرەنەین ھەشت ملیار و ٨٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتە و لەئێستادا دەتواندرێت ڕۆژانە لەو کێلگەیە، سێ ھەزار و ٢٤٨ بەرمیل نەوت بەرھەمبھێندرێت.
ڕووبەری کێڵگەی قەرنەین ھەشت ھەزار و ٧٧٣ کیلۆمەترە و گرێبەستی دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لەنێوان حکوومەتی عێراق کۆمپانیای نۆرس پترۆلیۆم ئینتەرناشناڵ کە سەر بە کۆمپانیای زینھوای چینییە واژووکراوە.