ھەولێر
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بێجی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، قەیرانی سوتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان پەرەی سەند و لە کەرکوک و ھەولێریش بەھۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە سرەی بەردەم بەنزینخانەکان نزیکەی دوو کیلۆمەترە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر، لەمەودوا تەنیا ٣٠ لیتر بەنزین و گاز بە ھەر ئۆتۆمبێلێک دەدرێ و لە ٢٠ وێستگەدا شەو و رۆژ بەنزین و گازۆیل دەفرۆشرێ، وێستگەکانی دیکە بۆ چەند کاتژمێرێکی دەستنیشانکراو کراوە دەبن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، سەرھەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی لە کەرکوک بۆ کۆنترۆڵکردنی بێجی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر رۆژانە لە رێگەی بۆڕی و تانکەرەوە یەک ملیۆن و ٣١٠ ھەزار بەرمیل نەوت روانەی کەرکوک دەکرا، بەڵام بەھۆی کۆنترۆڵکردنی بێجییەوە ناردنی نەوت بۆ کەرکوک راگیراوە.
ھاوکات لە موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە، بەھۆی کۆنترۆڵکردنی بێجییەوە قەیرانی سوتەمەنی سەری ھەڵداوە.
هەروەها بەھۆی ھاتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی زۆر لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ ھەولێر، قەیرانی سوتەمەنی لە ھەولێریش سەریھەڵداوە، لەوبارەیەوە شارەزای بواری سوتەمەنی باوەڕ خنێس بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار پەنابەر بە ئۆتۆمبێلی خۆیانەوە لە ناوچەکانی دیکەوە روویان لە ھەولێر کردووە، بۆیە قەیرانی سوتەمەنی لە ھەولێر سەری ھەڵداوە.
خنێس ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر وێستگەکانی کەڵەک و بازیان پێداویستی ھەرێمی کوردستانیان دابین دەکرد، بەڵام لەم رۆژانەدا بەھۆی ھاتنی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لە دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، قەیرانی سوتەمەنی لە ھەولێریش سەریھەڵداوە و خەڵکی ھەرێمیش بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستی خۆی لە ئەگەری سەرھەڵدانی قەیراندا، دەیەوێ رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.
جەختیشی کردەوە کە ئەو قەیرانەی ئێستا لە ھەولێر هەیە بەھۆی داوکاری ھاوڵاتییانەوەیە و پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی بێجییەوە نییە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری وێستگەی دابینکردنی سوتەمەنی خەبات ئاری کاکەشین گوتی: "رۆژانە لە وێستەگەکەماندا دوو ملیۆن لیتر سوتەمەنی دابیندەکرێ، بۆیە ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی سوتەمەنی نابێ."
کاربەدەستانی دیکەی ھەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی سوتەمەنی نابێتەوە.
کاریگەرییەکانی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، وردە وردە دەردەکەوێ، رەوتی رۆژانەی ژیان لە ناوچە سونە نشینەکاندا کە ئامانجی داعشن، پەکی کەوتووە.
بێجی یەکێکە لەو سێ وێستگە گەورانەی عێراق کە لە شاری سەڵاحەدینە و حاڵی حازر لە ژێر دەستی داعشدایە.
لەو وێستگەیەدا رۆژانە ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەکرێتە سوتەمەنی ئامادە و بەو جۆرە پێداویستی سوتەمەنی موسڵ، سەڵاحەدین، کەرکوک و بەشێکی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرا، بەڵام لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بێجی لە لایەن داعشەوە، رەوانەکردنی نەوت و سوتەمەنی راگیرا.