Hatice Özdemir Tosun,Rewa Mahmood Hasan
12 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2019
ئەنتاڵیا-AA
تورکیا کە ئێستا لەبواری گەشتیاریدا لەسەردەمی زێڕینی خۆیدایە، لە ئامادەکاریدایە بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە ٢٠٢٠دا.
سەرۆکی یەکێتی خاوەن ئوتێلەکانی تورکیا عوسمان ئاییک لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا لە ٢٠١٩دا لەبواری گەشتیاریدا سەرەتایەکی باشی تۆمار کردووە.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئامارەکانی ٧ مانگی گەشتیاری زۆر دڵخۆشکەرن و لەسەر ئاستی گشتی تورکیا ئامانجی ئەوەیە لە سەری ساڵدا ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە ٥٠ ملیۆن و تەنیا لە ئەنتاڵیا بگاتە ١٦ ملیۆن گەشتیار.
ئاییک ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکاریان کردووە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و لەوبارەیەوە بەڵێننامەکان واژوو کراون، چالاکییەکانی مامەڵە کردن وردە وردە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئاییک گوتی، "لەنێو بازاڕی بەڕیتانیادا دەستمان کردووە بە فرۆشتن و کرێی پێشوەختە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، لەگەڵ ئاشکرا کردنی نرخەکان لە بازاڕی ئەورووپاش دەست پێدەکرێت بە فرۆشتن و کرێی پێشوەختە. ئەم ساڵ بە بەراورد بە ٢٠١٨ چاوەرێمان دەکرد بەرێژی لەسەدا ١٠ نرخەکان باشبوون بەخۆیانەوە ببینن، ئەگەریش هەیە ئەو رێژەیە لە ٢٠٢٠دا بچێتە سەرو ئەمە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ ئامانجیانە ٥٠-٥١ ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیا بکەن و لەوەش ٣٥ ملیار دۆلار داهاتی هەبێت، گوتیشی: "لە داهاتوودا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئامانجمانە ٥٥-٦٠ ملیۆن گەشتیار راکێشینە تورکیا و بڕی ٤٠ ملیار دۆلار داهاتی بێت لەبواری گەشتیاریدا".