هەولێر
دكتۆر ئەنوەر عومەر بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و وبەدواداچون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان دەلێت: "كشتۆكال ئێستا لە ئاستێكی مامناوەند دایە و ئاستی بەروبووم گوڕانكاری بەسەردێت بە جۆرێك لە گەنم و پەتاتە ئێمە گەیشتووینەتە ئاستی دابینكردنی پێداویستییەكانی نێوخۆ "ئیكتفای زاتی"، لە گوشتی مریشك وھێلكە ئاستەكە مامناوەندییە لە سەدا ٥٤ بۆ لە سەدا ٦٠ دەبێت. سەوزە بە گشتی لە سەدا ٦٠ی خۆماڵییە و هەروەها میوە لە سەدا ٤٠ خۆماڵییە. گۆشتی سوور لە سەدا ٥٠ تا ٦٠ خۆماڵییە و ئەوەی دیكە لە دەرەوە دێت وھەروەھا رێژەیەكی زۆر شیر لە دەرەوە دێت تەنیا لە سەدا ٣٤ خوماڵییە".
بەرێوەبەری گشتی پلاندانان وبەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"ئەمساڵ بە گشتی بەروبووم بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو كەمترە، بە تایبەتی سەوزە كە لە ساڵانی رابردوو زۆربەی سەوزەی هەرێم و بەتایبەتی هەولێر لەو ناوچانە بەرهەم دەهاتن و ئێستا نزیكترین ناوچەن بۆ میحوەرەكانی شەڕ، بۆیەش جووتیاران بە مەترسی دەزانن لەو زەوییانە بەروبووم بەرهەم بهێنن بە تایبەتی بابەتی گەنم بە هۆی گڕگرتن لە وەرزی هاوین لەو ناوچانە زۆر بایەخی پێ نەدراوە و پێشبینی دەكرێت لە رووی سەوزە كورتهێنان بێتەدی".
ئەنوەر عومەر گوتیشی: "ساڵانە لە وەرزی بەهار تەماتە و خەیار لە سامرا و بەسرا هەناردەی هەرێمی كوردستان دەكران تا كۆتایی مانگی ئایار كە ناوچەكانی ئەوان گەرمتر دەبوون ئەوا ئێمە ئەو بەروبوومانەمان هەناردە دەكرد بۆیان بەڵام ئەمساڵ زیاترین بەرهەمەكانمان لە ئێران و توركیاوە دێت، ئەمساڵ كە بەروبوومی نێوخۆیی پێگەیشت باج دەخەینە سەر ئەوی لەو دەرەوە دێت تا بتوانین پشت بە بەرهەمی خۆمان ببەستین".
لە بارەی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران بۆ ئەمساڵ ئەنوەر عومەر گوتی: "ھەموو بابەتێك دوادەخرێت بەڵام پرسی كشتوكاڵ دواناخرێت. بۆیە كە كاتی بەرھەمەكان پێدەگەن ئەوا دەبێت ئاگاداری بین چونكە زوو لەناو دەچن. ئێمە هەموو هەوڵمان ئەوەیە كە یارمەتی جووتیاران بدەین بەڵام لە ئێستادا حكوومەت لە قەیرانێكی ئابووری و شەڕی دژی تێرۆریستاندایە و ئێمە هەوڵمان ئەوەیە كە ئەمساڵ زیاتر لە رێگەی دانانی باج بەروبوومی خۆماڵی بپارێزین".
هەر لە درێژی قسەكانیدا بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ لە بارەی رێژەی ئاوی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئاو لە هەرێم هەیە بەڵام ئەم ئاوە بە باشی ئیدارە و پاراستنی بۆ ناكرێت و پێویستە هەموومان پێكەوە كار بۆ ئەو پرسە بكەین، لە ئێستادا تەنیا دوو بەنداوی گەورەی دەربەندیخان و دووكان و چەند بەنداوەكی مامناوەند و بچوكمان هەیە ئەویش لە ئێستادا وڵاتی ئیران رێرەوی ئاوی رووباری سیروان دەگۆرێت كە مەترسییەكی گەورە دەكەوێتەوە سەر بەنداوی دەربەندیخان".