Sarp Özer
29 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە – AA
لە رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵەوە کە لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسی "قەیرانی خۆراک" بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا راگەیەندرا، لەڕێگای ٥٠١ کەشتییەوە زیاتر لە ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵە گوازراوەتەوە.
مانگی تەمووزی رابردوو لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی گەورە بەرپرسانی تورکیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، "ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش" لە ئیستانبوڵ بەمەبەستی گواستنەوەی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دامەزرێندرا کە نوێنەرانی تورکیا، نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا تیایدا بەشدارن.
یەکەمین کەشتی گواستنەوەی دانەوێڵە، کەشتی رازۆنی بوو کە لە یەکی ئاب لە بەندەری ئۆدیسا بەرەو بەندەری تەرابلوس لە باکووری لوبنان بەڕێکەوت کە ٢٦ هەزار تۆن گەنمەشامی هەڵگرتبوو.
بە دوای ئەو کەشتییەدا، چەندین کەشتی دیکەیش لە بەندەرەکانی ئۆدیسا و چەرنۆمۆرسکەوە بەڕێکەوتن و تا ١٣ی ئاب، ژمارەی کەشتییە بەڕێکەوتووەکان گەیشتە ١٧ کەشتی و زۆربەیشیان بە بەندەرەکانی وەک تەکیرداغ، ئیسکەندەرون و ئیزمیر لە تورکیا تێپەڕین و لە گەرووی ئیستانبوڵ پشکنین بۆ کەشتییەکان کرا.
لە میانی دوو هەفتەی دوای بەڕێکەوتنی یەکەمین کەشتیدا، ژمارەی کەشتییەکان گەیشتە ٢٥ کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار تۆن دانەوێڵەیان گواستەوە.
هەرچەند هێرشەکانی رووسیا بۆسەر بەندەری سیڤاستۆپۆل لە ٢٩ی تشرینی یەکەم کاریگەری کردە سەر چالاکییەکانی گواستنەوەی دانەوێڵە و بۆ ماوەیەک چالاکییەکان راگیران، بەڵام بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەسەندی گرژییەکان و بەمەبەستی بەردەوامیدان بە چالاکییەکان، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی-یەوە کرد و بەم جۆرە چالاکییەکانی گواستنەوەی دانەوێڵە دەستی پێ کردەوە.
هەر لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بڕیار درا ماوەی رێککەوتنی رەوانەکردنی دانەوێڵە کە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ بوو بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە.
- زیاتر لە ٢٠٠ کەشتی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست
لە میانی بەردەوامیدان بە رەوانەکردنی دانەوێڵە، ژمارەی ئەو کەشتییانەی تا دوێنێ لە ئۆکرایناوە بەڕێکەوتوون گەیشتووەتە ٥٠١ کەشتی و زیاتر لە ١٢ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی وەک گەنم، گەنمەشامی و جۆیان گواستووەتەوە، زیاتر لە ٢٠٠ کەشتییش گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست.