Zana Natık Kerem
05 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە دەسکەوتێکی گرنگ لەقەڵەم دا و رایگەیاند، "بڕینی بوودجە ناچاری کردین کە نەوت هەناردە بکەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ بەغدا خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتەسەر ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و واژووکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئەم رێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی، ھەروەھا دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کردووە لەبەرامبەر ھەوڵ و کارکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی.
ھەروەھا مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە توانیان ئەم رێککەوتنە بە ئەنجام بگەیەنن بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ھیچ مافێکی دەستووریی ھەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی روونیشی کردووەتەوە کە دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵیی، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت ھەناردە بکات و رێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم نەوتی ھەناردە کرد.
مەسرور بارزانی ھیوای خواستووە کە رێککەوتنەکە وەکو خۆی لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و غازی فیدراڵیی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، رشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستیی خراوەتەڕوو کە تیایدا بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پەسەند بکرێت.
راشیگەیاندووە کە لە کۆتایی کۆبوونەوەدا، بابەتی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕدا، وێڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە روونکردنەوە و زانیاری و راسپاردەی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر گوزەرانی ھاووڵاتییان خراوەتەڕوو.