Hamit Hüseyin
22 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2015
ھەولێر
ساڵانە بەر لە ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی كوردستان قەرەباڵغییەكی زۆر بەخۆوە دەبینن. ئەمساڵیش جموجوڵی بازاڕ دیارە بەڵام ھەتا ئێستا خەڵك بە شێوەیەكی بەچاو رووی تێ نەكردووە.
ئەمساڵ دووەمین ساڵە جەژنی قوربان لە كەشێكی جیاواز لە ساڵانی دیكە بەرێوە دەچێت كە پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری خاكە و خەڵكیش فشاری داراییان لەسەرە. كێشەیەك كە رووی لە ئاژەڵدارانی كوردستان كردووە ئەوەیە كە ماوەی سێ ساڵە بە شێوەیەكی بەردەوام لە سوووریاوە مەڕوماڵات بە چەند رێگایەك هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت. لە ئێستادا ئاژەڵ لە رۆژئاواوە دێتە نێو ھەرێمی كوردستان. بەپێی قسەی ئاژەڵداران ھەر دوو لایەن گومركی پەیەدە و گومركی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەر دوو سەر مەڕ ٧.٥ دۆلار گومرك وەردەگرن و دواتر ئاژەڵەكان رەوانەی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێن. ئەوەیش وای كردووە كە مەترسی لەسەر ئاژەڵداری نێوخۆیی دروست ببێت.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس زۆربەی خەڵكی ھەرێمی كوردستان رووی لە كاری فەرمانبەری میری كرد و ئەوەیش وای كردەوە كە ئاستی پیشەی بەخێوكردنی ئاژەڵ لە ھەرێمی كوردستان دابەزێت. ھاوردەكردنی مەڕوماڵاتێكی زۆر لە سووریاوە مەڕدارانی ھەرێمی كوردستانی تووشی دڵەراوكێ كردووە و مەترسی ئەوەیان هەیە كە ئاستی بەخێوكردنی مەڕوماڵات زیاتر دابەزێت.
ئاژەڵدارێك لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەولێر بەناوی عەبدوڵڵا رۆستەم كە ماوەی بیست ساڵە لەو مەیدانە كاردەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی كە ئازاری ئێمەی ئاژەڵداران دەدات ئەوەیە كە ئاژەڵێكی زۆر و بە شێوەیەكی ئازاد هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت ئەوەیش وای كردووە كە ئیمە بێ ئومید بین لە فرۆشتنی ئاژەڵەكانمان. رۆژانە ھەزاران سەر مەڕ دێتە نێو ئەم بازاڕە و بە نڕخێكی ھەرزان دەفرۆشرێت و خەڵكی ناوچەكەش بەھۆی ئەوەی كە بە ئازار و زەحمەتی مەڕوماڵات بەخێو دەكەن ناتوانێت وەك ئەوان ھەرزان بیفرۆشێت".
گوتیشی: "ئاژەڵفرۆشانی ھەرێمی كوردستان مەترسی ئەوەیان لەسەرە كە زیانیان پێبگات و ئەگەری زۆریش ھەیە كە رێژەی ئاژەڵ بەخێوكردن دابەزێت. بازرگانانی سووریا مەڕ هەناردە دەكەن و بۆ ھەر جووت مەڕێك حەوت دۆلار و نێو گومرك دەدەن و بە ئازادی دەھێنن و لە كوردستان دەیفرۆشن".
ئاژەڵدارێك كە لە دەشتی ھەولێر بەناوی ئیبراھیم عەبدوڵڵا رووی لە بازاڕەکە كرد بۆ ئەوەی مەڕی خۆی بفرۆشێت بۆ ئانادۆڵو گوتی: "من ئێستا بۆ فرۆشتن ھاتووم و ماوەی یەك ساڵە مەڕ بەخێو دەكەم و بۆ ھەر تۆنێك جۆ ٤٥٠ ھەزار دینارم داوە و ئێستا لە مەیدانی ئاژەڵانی شارەكەم ناتوانم مەڕ بفرۆشم ئەوانەی داویشی دەكەن بە نرخی ئاژەڵی سووریا مامەڵەم لەگەڵ دەكەن ئەمانە ھەموو مەترسیە بۆ سەر ئاژەڵداران داوا لە بەرپرسان دەكەم كە ئەو رەوشە كونترۆڵ بكەن تاوەكو بتوانین بەپێی پێویست لەو جەژنە مەڕوماڵاتی خۆمان بفرۆشین".
دەڵالێك بە ناوی یوسف حاجی عومەر دەڵێت: "ئەمساڵ بازاڕ بەپێی پێویست نییە نرخی ئاژەڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو گران نەبووە و ھێشتا ئەم بازاڕە بە دراوی عێراقی چاپی سویسڕی كڕین و فرۆشتنی تیادا دەكرێت ئەم نرخە كەمتر بووە بەجۆرێك نرخی ھەر ئاژەڵێك جیاوازە، بە پارەی ئێستا یەك كیلۆگرام گۆشتی گای گەورە بە شەش هەزار دینارە، گوێرەكە شەش هەزار و 750 تا حەوت هەزار دینارە، مەڕ و بزنیش بە چوار هەزار دینارە".
حاجی عومەر دەشلێت: "ئاژەڵی هاوردەكراو لە سووریا مەیدانەكانی هەرێمی كوردستانی پڕ كردوو و داواكاریشی لە سەر زۆرە ئەو ئاژەڵانە نرخیان زۆر ھەرزانە و ھەندێ جاریش بە ھەرزانتر لە مەیدانیش دەفرۆشرێت و نازانین لەوانەیە ھۆكارەكانی ئەو ھەرزانیە رەوشی ئابووری سووریا بێت یا خود مەڕوماڵاتیان نەخۆش بێت یا گوشتیان تەندروست نەبێت و داواكارین كە پێداچوونەوە بۆ ئەو پرسە بكرێت".
مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەولێر لە سەر رێگەی هەولێر - گوێرە و نزیكەی ١٠ كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە دوورە.