لە ساڵی 1992ەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە و پایتەختەکەی ھەولێرە، پەرلەمانی ھەرێم بە لایەنگرێکی زۆرەوە ھەڵبژێردرا و ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقە و کابینەیەک لە پارتی و یەکێتی و ھاوپەیمانەکانیان پێک ھێنرا.
دوای رزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003، سیاسییەکانی کورد بوونە ئەندام لە ئەنجوومەنی حوکمی عێراق، لە 30ی کانونی دووەمی 2005دا سێ ھەڵبژاردن ئەنجام درا، یەکەمیان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئینتیقالی و دووەمیان بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق وسێیەمیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان، یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ سەردەمی ئینتیقالی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆمی سەلماند بە سەروەریی تەواو بۆ رێزگرتن لە دەستووری ھەمیشەیی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووریی ھەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیالەو نەینەوا و کەرکووک.
بۆ شیکردنەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان لە رووی کارگێڕی و سیاسییەوە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، کرمانج یونس لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بە وردی تیشکی خستەسەر رەوتی سیاسیی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا کرمانج یونس گوتی: "هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 1991 بەشێک بوو لە عێراق، ئەوکات سیستەمی حوکم لە عێراق سیستەمێکی ئیشتراکی بوو بۆیە هەتا پێش راپەڕین، هەرێمی کوردستان بەشێک بوو لەو سیستەمە ئیشتراکییە، بۆیە دەبینین کە کەرتی تایبەت بۆ سنووردار بوو، بەو واتایەی نەخۆشخانە و قوتابخانەی تایبەت زۆر کەم بوو چونکە حکوومەت کارەکانی دەکرد و لە دوای راپەڕین و دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئیدارەیەکی خۆجێیی و دەستپێکردنی سیستەمێکی تازە، لەوانەش سیستەمی پەرلەمان کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لەم ماوەیە واتا لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2003 حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەربەخۆیی خۆی هەبوو لە دروستکردنی یاسا و یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا وەکو ئەمری واقیع و لە هەمانکاتدا هەوڵی دەدا بۆخۆی داهاتی ناوخۆ دابین بکات، بۆ وەبیرهێنانەوە ئەوکات دوو جۆرە دراو هەبوو. واتە دراوی هەرێمی کوردستان جیاواز بوو لەگەڵ ئەو دراوەی لە بەغدا بەکار دەهات و هەر لەو ماوەیە واتە لە نێوان ساڵانی 1991 تا ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیوەندییەکی باشی دروست کرد بە تایبەت لە رێگای ئەو رێکخراوانەی لە بواری کاروباری مرۆیی کاریان دەکرد. بۆیە ئەگەر ئێستا سەیر بکەین، هەرێمی کوردستان هەنگاوێک لە پێش عێراقە لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنی چونکە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991 بەدواوە لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاری کرد بەڵام عێراق دوای ساڵی 2003 ئەو هەلەی بۆ رەخسا و هەروەها لە ساڵی 1991 تا ساڵی 2003 شوێنی یاسایی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە روونی دیار نەبوو چونکە ئەوکاتە حکوومەتی عێراق رەفزی ئەوەی دەکرد کە حکوومەتێک هەیە بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵکو مامەڵەی لەگەڵ ئەو ناوچەیە دەکرد وەکو ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی".
سەبارەت بە قۆناغەکانی دوای راپەڕین لە رووی سیاسیی و کارگێڕییەوە و ئەو گۆڕانکارییەی لە ناوچەکە هاتە ئاراوە، کرمانج یونس گوتی: "هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لە رێگای پەرلەمان سیستەمی فیدڕالی هەڵبژارد لەگەڵ عێراق و لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی سیستەمی دیکتاتۆری رووخا، ئەو دەسەڵاتێکی کاتیی سەربازیی دروست بوو کە حاکمی مەدەنی عێراق پۆڵ برێمەر بوو، لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2005 ماوەی گواستنەوە بوو کە ئینتیقالییان پێ دەگوت و هەموو لایەنەکانی عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی سیستەمی ئیشتیراکی کۆن ببێتە سیستەمێکی فیدڕاڵی و لە ساڵی 2005 لە دەستووری تازەی عێراقی ئیعتراف کرا بە هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراق و لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی هەیە لە رووی یاسادانان، بۆ نموونە چەندین یاسا هەیە لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە بەغدا نییە وەک یاسای وەبەرهێنان، یان جیاوازی یاساکان هەیە بۆ نموونە یاسای تیرۆر، واتە دەکرێت بڵێین هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2005 سەربەخۆیی خۆی هەیە لە رووی یاساییەوە".
هەر لە رووی سیاسیەوە کرمانج یونس گوتی: "هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە پارتەکان بەتایبەت ئەو پارتانەی کە هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کوردستان ئازاد بکەن لەم زوڵم و ستەمەی حکوومەتی عێراق ولە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆساید کەوا هەرێمی کوردستانی گرتەوە. بەشێوەیەکی گشتیی دوو پارتی سیاسیی کاریگەرییان هەیە لەسەر پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەندێک پارتی دیکە هەیە کەوا لە پارتە کۆنەکانە وەک حزبی شیوعی بەڵام ئەوانە کاریگەرییان کەمە و بەشێک لە حزبە ئیسلامییەکانیش بوونیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بەڵا ئەوانیش لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا ژمارەی دەنگەکانیان سنووردارە ئەوەی کەوا کاریگەری هەبوو لەسەر نەخشەی سیاسیی و بەتایبەتی لە ناوچەی سلێمانی ئەویش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە ساڵی 2009 کە کاریگەری هەبوو لەسەر هاوسەنگی سیاسیی لەو ناوچەیە و لە ئێستاشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنێک بکەن چونکە ئەم بزووتنەوەیە کاتی خۆی لە یەکێتیی نیشتمانیی جیا بووتەوە و خەبات و مێژووی هاوبەشیان هەیە رەنگە بتوانن لەیەکتر نزیک ببنەوە".
سەبارەت بە خولەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کرمانج یونس گوتی: "لە ساڵی 1992 بەرەی کوردستانی هەبوو کە بەرەیەکی سیاسیی و سەربازی بوو لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەموو پارتەکان پێکهاتبوو، ئەوکات خەریکی ئامادەکارییەک بوون بۆ هەڵبژاردنێک کە پێیان دەگوت دیاریکردنی رابەری هەرێمی کوردستان و بەڵام بەهۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ نەتوانرا درێژە بەم پرۆسەیە بدرێت و هەرێمی کوردستان بوو بە دوو ئیدارە، بەڵام لە ساڵی 2005 بەدواوە سەرۆکی هەرێم لە رێگای پەرلەمان هەڵبژێردرا و دوای ئەوەش بەشێوەیەکی راستەخۆ لە نێو خەڵک هەڵبژێردرا بەڵام ئێستا هەندێک پارتی سیاسیی دەیانەوێت بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان".
سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی هەرێم لە سیستەمی پەرلەمانییەوە بۆ سیستەمی راستەوخۆ و لەدوایشدا بەشێک لە لایەنەکانی نێو پەرلەمان داواکاربوون کە ئەم پرسە دووبارە بگەڕێتەوە پەرلەمان، کرمانج یونس لەم بارەیەوە گوتی: "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئەو کاتە دوو پارتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدار بوون ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرا. دوایی ئەو حزبانەی کە ئۆپۆزسیۆن بوون وایان لێک دەداوە کە ئەگەر هاتوو ئەم دوو حزبە هەمیشە رێککەوتنییان هەبێت و لە پەرلەمان زۆرینە بن، ئەوکات دەتوانن هەر کەسێک بۆ خۆیان بیانەوێت بیکەن بە سەرۆکی هەرێم و بۆیە داواکارییان ئەوە بوو کە سەرۆکی هەرێم دەبێت لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی ئەوان پەرلەمان نوێنەرایەتی هەموو خەڵک ناکات بەڵکو خەڵکانێک هەیە کە لە دەرەوەی پەرلەمانە و دەنگی نەداوە، دوای ئەوە سیستەمەکە گۆڕا بووە هەڵبژاردنی راستەوخۆ ئەوکاتە ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانەی کە هاتنە نێو پەرلەمان و کورسی زۆریان هێنا، ئەو کاتە لەوە ترسان کە خەڵک بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت بۆیە هاوکێشەکەیان پێچەوانەوە کردووە و هەوڵی ئەوەیان دەدا کە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت ئەمە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق دەبینین وڵاتانی دراوسێش کاریگەییان هەیە لەسەر ئەم پرۆسەیە بۆ نموونە ئێمە بینیمان کە نووری مالکی ویستی بۆ جاری سێیەم ویلایەتی خۆی درێژ بکاتەوە ئەو کاتە چونکە سیستەمەکە پەرلەمانی بوو نووری مالکی توانی چەندین دەنگی پەرلەمان بکڕێت بەڵام ئەگەر پرۆسەکە راستەوخۆ بێت ئەوە وڵاتانی دراوسێش کەمتر کاریگەرییان لەسەر ئەم پرۆسەیە دەبێت".
سەبارەت بە لایەنی کارگێڕی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کرمانج یونس پێی وایە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی هەبووە و پارتە سیاسییەکان توانیویانە رێکخستنەکانی خۆیان بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، لە درێژەی قسەکانیدا کرمانج یونس گوتی: "لەڕووی کارگێڕی و سیاسییەوەش هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی خۆی هەبوو لە رێکخستنی حزبەکان و جیا بوو لە بەغدا، ئەو پرۆسەیە بەردەوام بوو تاوەکو ئێستا، سیستەمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 بە دواوە بریتییە لە سیستەمێکی تێکەڵاو لە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، واتا سیستەمی پەرلەمانی بریتییە لەوەی حکوومەت لە رێگای پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و سیستەمی سەرۆکایەتییەکەش بریتییە لەوەی پێشتر سەرۆکی هەرێم لە رێگای پەرلەمان هەڵدەبژێردرا و بەڵام لە ساڵی 2009 دوای ئەوەی لەلایەن زۆرینەی حزبەکان داواکاری ئەوە هەبوو کە سەرۆکی هەرێم لە نێو خەڵک هەڵبژێردرێت و ئەوە بوو لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، سەرۆکی هەرێم بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەڵبژێردرا".
لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی کاراکردنی پەرلەمان لە رووی یاساییەوە، کرمانج یونس گوتی: "بەگشتیی 111 کورسی لە پەرلەمان هەیە و لەم رێژەیەش 11 کورسی بریتییە لە سیستەمی کۆتا، واتا بۆ پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە چونکە هەمیشە هەرێمی کوردستان پێی گرنگ بووە کە ژیانی ئاشتییانە و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت و لەم 11 کورسییەش 5 کورسی دراوەتە پارتەکانی تورکمانی و 5 کورسی دراوەتە مەسیحییەکان و 1 کورسیش دراوەتە ئەرمەنەکان کە ئەوانیش مێژوویەکی درێژیان هەیە لە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە جیاوازی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق، کرمانج یونس پێی وایە کە کۆمەڵێک جیاوازی لە نێوان ئەم دوو دەزگایەدا هەیە و لەو بارەیەوە گوتی: "چەند جیاوازییەک هەیە لە نێوان پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی، بۆ نموونە لە پەرلەمانی عێراق کەسی کاندیدکراو دەبێت تەمەنی لەسەرەوەی 30 ساڵییەوە بێت، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان بە هەوڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی توانرا ئەم تەمەنە کەم بکرێتەوە و ببێتە 25ساڵ، هەروەها سیستەمی کۆتای ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەش جیاوازییەکی دیکەیە چونکە لە پەرلەمانی عێراق سیستەمی کۆتای ئافرەتان لە سەدا 25 و لە پەرلەمانی کوردستانیش لە سەدا 30 یە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردەنەکانیش بەهەمان سیستەم دابەشی کرد بەسەر لیستەکان، واتا لەکاتی رێزبەندی کاندیدە دەرچووەکان، کەسی یەکەم و دووەم پیاوە و کەس سێیەم دەبێتە ئافرەت و بەم سیستەمە ئەندامانی پەرلەمان رێک دەخرێت".
سەبارەت بە یاساکانی نەوت و غاز و ئەو ناکۆکییەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، کرمانج یونس گوتی: "سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین، لە دوای ساڵی 2005 حکوومەتی بەغدا دانی بە هەموو ئەو یاسایانەی هەرێمی کوردستان ناوە کە لە ساڵی 1992 دەرچووە".
هەروەها گوتیشی: "بۆیە کەرتی نەوت و غاز تا ساڵی 2003 بەتەواوی لە دەستی عێراقدا بوو، ئەوکاتە هەرێمی کوردستان ئەو ئیمکانیەتەی نەبوو بتوانێت نەوت و غازی خۆی دروست بکات و دوای ساڵی 2005 لە دوو مادەی دەستووری عێراقی باسی نەوت و غاز دەکات، مددەی یەکەم دەڵێت نەوت و غاز موڵکی هەموو عێراقییەکانە و دووەم دەڵێت ئەوە بە یاسا رێک دەخرێت. لەم حاڵەتەدا دەبێت لە بەغدا یاسای بۆ دەربچێت چونکە ئەو یاسایەی ئێستا هەیە یاسای سەردەمی رژێمی پێشووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێ ناکات و حکوومەتی عێراقیش دانی بەو یاسایانە ناوە کە هەرێمی کوردستان دەریکردووە و هێزی یاسایی خۆی هەیە. قسەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەستووری عێراق دەڵێت نەوت و غاز موڵکی هەموو عێراقییەکانە و ئێمەش عێراقین و پەساپۆرتی عێراقیمان هەیە و جیا نەبووینەوە بۆیە هەتا یاسای تازەی عێراقی دەردەچێت ئەوە ئێمە کار بە یاسای نەوت و غازی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەپێی یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات. ئەگەر حکوومەتی عێراق بڵێ ئەمە نایاساییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڵێ یاساییە، لەم حاڵەتەدا دەبێت دادگای دەستووری فیدڕاڵی هەبیت بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە و بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم دادگایە لە عێراق نییە و عێراقیش لە رێگای یەک کۆمپانیاوە نەوتی خۆی دەفرۆشێت کە پێی دەڵێن سۆمۆ، ئەو کۆمپانیایەش چەند ئەندامێکی تێدایە و دەبێ دووبارە پێداچوونەوە بۆ کارمەندانی ئەم کۆمپانیایە بکەن چونکە 11 ئەندامی هەیە هەمووی عەرەبن، لەسەر بنەمای بەشی خۆمان دەبێت سێ ئەندام لەم کۆمپانیایە کورد بن چونکە کورد هیچ ئەندامێکی نییە لە سۆمۆ".
کێشەیەکی دیکە لە رووی ئیدارییەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە کە پێی دەڵێن ماددەی 140
سەبارەت بەم پرسە کرمانج یونس گوتی: "مادەی 140 دوو تەوەری بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان ئەوەیە ئەو ناوچانە، عێراق دەڵێت بەشێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئەو ناوچانە بەشێکن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت دوو پرۆسە لەم ناوچانە ئەنجام بدرێت تاوەکو یەکلایی ببێتەوە کە ئایا ئەم ناوچانە عێراقین یان کوردستانین. یەکەمیان ئاساییکردنەوەی ئەم ناوچانە بە لابردنی تەعریب و ئەوانەی کە کورد و تورکمانن دەرکراون، بگەڕێنەوە جێگای خۆیان و هاوکارییان بکرێت بۆ ئەوەی خانووەکانیان دروست بکرێتەوە. دووەمیان بریتییە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەویش تەنیا خەڵکی ئەو ناوچەیە بەشداری بکەن لە بڕیاردان لەسەر ناوچەکەیان کە ئایا لەگەڵ عێراق دەبن یان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆیە جێبەجێ نەکردنی مادەی 140 دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو هۆکارە و لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە دەوڵەمەندن بە نەوت و غاز بۆیە جەعفەری و مالکی رێگربوون لە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی جێبەجێکردنی مادەی 140 و هەروەها هۆکاری ئەمنیش هەبوون بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەم مادەیە ئەویش لە رابردوودا بەردەوام کاری تیرۆریستی لەم ناوچانا ئەنجام دراون".
جێی ئاماژەیە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانی پێنج ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەسە و لە چوار پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و هەڵەبجە پێکدێت، کە ڕووبەریان پێکەوە نزیکەی چل ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە گەورەترە لە رووبەری ھۆڵەندا و چوارجار بە قەد رووبەری لوبنانە، ئەم ئامارە تەنیا پارێزگاکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک و دیالە لەخۆ ناگرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

