Hawkar Yaseen
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر-AA
دوای سێ مانگ لە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە سبەینێوە رێگە دەدات بە هاوردەکردنی تەماتە بەپێی یاسا و رێنماییەکان.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە واژووی وەزیری کشتوکاڵ، بێگەرد تاڵەبانی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرکی هەرێمی کوردستان کراوە، تیایدا بڕیاردراوە بە "رێگەپێدان بە هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات لە رێککەوتی ١٥ی تشرینی یەکەمەوە بەپێی یاسا و رێنماییەکان و رێنماییەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵی".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی بڕیارەکە رایگەیاند "بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و بەرز نەبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارماندا بە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی تەماتە لە رۆژی پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم".
