hemn husain
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
لەژێر چاودێری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، عەبدولستار مەجید و بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و كۆمەڵێك لە بەرپرسان، رێورەسمی كردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی دێگەڵە بەڕێوەچوو.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، عەبدولستار مەجید گوتی: "بەبۆنەی تەواوبوونی پڕۆژەی بەنداوی دێگەڵە، پیرۆزبایی لە خەڵكی شارەدێی دێگەڵە و دەوروبەری دەكەم. بێگومان یەكێك لە ئەركە گرنگ و گەورەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بریتییە لە دابینكردنی ئاسایشی ئاو بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە و گەشتوگوزار و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند كە شەڕی داعش و تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دوو هۆكاری سەرەكی بوون لە بەرامبەر سستی بەڕێوەچوونی كارەكانییان و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لە كاتێكدا بە قەیرانی دارایی و ئەمنیدا تێپەڕدەبین و بەهۆی شەڕی داعش و بوونی ژمارەیەک زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و سەرەڕای ئەو مامەڵە خراپەی كە حكوومەتی ناوەند بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، وێرای قەیرانی سیاسییش لە هەرێمی كوردستان كەچی ئێمە بڕیارمان داوە كە دڵسۆزانە كار بكەین بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش یەكێكە لە ئەركەكانی سەرشانمان دەبێت جێبەجێی بكەین".
سەبارەت بە ژمارەی بەنداوەكانیش لە هەرێمی كوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەمە 17ـەمین بەنداوە لە هەرێمی كوردستان كە لەو ژمارەیەش 14 بەنداو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان درووستكراوە، سێ بەنداوی پێشتووتریش لەلایەن حكوومەتی عێراق جێبەجێ كرابوو. لە ئێستادا 20 بەنداومان هەیە كە لە ژێر جێبەجێكردندان، بەڵام بەداخەوە 15 لە بەنداوەكان بە هۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانییان سستن یان وەستاوە".
لەبارەی تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی كە كارەكانییان بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەكییان كەوتووە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوتی: "ئەو ماوەیە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی دانیشتم و داوام لێكردووە كە هاوكاریمان بكات ئەگەر بە خەرجكردنی چەكی پارەش بێت كە هەندێك لە كۆمپانیاكان رازین و ئەگەر بڕی 11 ملیار دینارمان بۆ خەرج بكرێت ئەوا تا كۆتایی ئەمساڵ دەتوانین 5 لەو بەنداوانەی لەبەر دەستە تەواویان بكەین".
لە درێژەی قسەكانیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بە گرنگی ئاو كرد وەك چەكێك كە دەتوانرێت بەرامبەر وڵاتان بەكار بهێنرێت و هاوكات دەبێتە هۆی گۆڕینی بڕیاری سیاسیی و گوتی: "دەكرێت ئاو هەڕەشە بێت بۆسەر گۆڕینی سیاسەتی وڵاتان، بۆ نموونە ئێران كۆمەڵێك بەنداوی لەسەر ژمارەیەك رووبار درووست كردووە كە دەڕژێنە هەرێمی كوردستان، ترسناكترینیان لەسەر ئەو رووبارەیە كە بەنداوی دەربەندیخانی لەسەر بنیاتنراوە چونكە رێڕەوی ئاوەكە دەگۆڕێت بە 46 كیلۆمەتر بۆ خواروو كە ئێران دەیبات، بۆیە ئەركێكی گەورە و گرنگە ئەو بەنداوانەی كە ماونەتەوە بە زووترین كات تەواویان بكەین".
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی گوتی: "هەرچەندە سرووشتی كوردستان ئاوی هەیە بەڵام لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی عێراق پلانی ستراتیجی نەبووە بۆ بەنداوەكان، بۆیە ئاوەكان زیاتر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سوودی لێ دەبینرێت". نەوزاد هادی گوتیشی: "ئەو بەنداوانەی لە ئێران درووست دەكرێن لەسەرزێی بچووك، ئەوا دەكرێت كاردانەوەیەكی نەرێنی لەسەر دواڕۆژی هەرێمی كوردستان هەبێت، زۆرجار كە لە ناوچەی خانەقین ئاوی ئەڵوەن دەگیرێتەوە، ئەوا دەبینین كاردانەوەیەكی زۆر خراپی هەیە و خەڵك ئەو ناوچەیە چۆڵ دەكەن". ئەم بەنداوە بڕی یەك ملیۆن و 600 مەتر سێجا ئاو دەگرێت و دەتوانێت 500 دۆنم زەوی كشتوكاڵی ئاو بدات و بەرزییەكەی 35 مەترە، درێژیەكەی 150 مەترە و پانییەكەشی 146 مەترە، نزیكەی 681 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
شارەدێی دێگەڵە بەدووری 33 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری هەولێر و لە ساڵی 2010 دەست بە درووستكردنی ئەو پڕۆژەیە كراوە و جووتیارانی زەرەرمەندی ناوچەكەش قەرەبوو كراونەتەوە.