Heman Hussein Yaseen Yaseen
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2019
هەولێر - AA
لووتکەی ئابووری و بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بە بەشداری ٥٠ کۆمپانیا و بە ئامادەبوونی ھەریەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد هادی و کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای و سەرۆکی لقی هەولێری ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید و سەرۆکی ژووری بازرگانی مێرسین، ئایهان قازڵتان بەڕێوەدەچێت.
لە دەستپێکی لووتکەکەدا سەرۆکی لقی هەولێری ھاوردە و ھەناردنکارانی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید لەبارەی بەستنی لووتکەکە گوتی: "ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ یەکێتی پیاوانی کاری تورکیا و ژووری بازرگانی مێرسین و ژوورە بازرگانییەکانی قەیسەری و عەنتاب، سەرقاڵی بەستنی ئەو لووتکەیەین، ھەوڵدەدەین ئەو بازرگان و خاوەنکارانەی ھاتوونەتە ئێرە پەیوەندی بازرگانی و ئاشنایەتی لەگەڵ خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو خاوەنکار و بازرگانانەی کە پێشووتر ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەبوو، ئێستا بتوانن کارگەکانیان بهێننە هەرێمی کوردستان".
هاوکات گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "ئەم جۆرە کۆڕبەندانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ئابووری و دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە کەرتی ئابووری دەدات و بۆ دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی ئابووری، بێگومان ئەزموونی تورکیا یەکێک لەو ئەزموونە سەرکەوتووانەیە کە خاونکارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد هەیە و دەتوانێت ببێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان تورکیا و سەرتاسەری عێراق و بگرە وڵاتانی کەنداویش".
سەفین دزەیی گوتیشی: "هەفتەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دیداری لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو، یەکێک لەو تەوەرانەی باسکران، پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی ئابووری و زیادکردنی قەبارەی ئابووری بوو لە سەرتاسەری عێراق".
سەفین دزەیی هەروەها گوتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق بە گشتی دەگاتە ١٢ ملیار دۆلار و دەرفەتی ئەوە هەیە کە ئەم بڕە بەرزبکرێتەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار و ئەمەش بە فراوانکردن و پەرەپێدانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە رێگاکان دەدات و هەموو مەبەستی ئاسانکاری و پەرەپێدانی سەرمایەگوزارییە بۆ ئەو کامیۆنانەی لە تورکیاوە دێنە عێراق".
سەرۆکی ژووری بازرگانی مێرسین، ئایهان قزڵتان گوتارێکی پێشكەش کرد و تیایدا ئاماژەی بە ئامانجی ئەنجامدانی لووتکەکە کرد و گوتی: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم لووتکەیە، بەھێزترکردنی ئەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەیە کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا ھەیە، ئێمە هاتووین تاوەکو ئەم پەیوەندییانە بەھێزتر بکەین و پاڵپشتی زیاتر بکەین، لەڕاستیدا پێویستە ئێمە دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر و ئەم ناوچەیە بەباشی بەڕێوەببەین".
ئەم لووتکەیە لە لایەن لقی هەولێری ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت کە بڕیارە لە میانەدا چەند پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و بازرگانی لە نێوان بازرگانان و خاوەنکاران لە هەرێمی کوردستان و تورکیا ئەنجام بدرێت.