Hawkar Yaseen
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاگرین عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماری کار و پرۆژەکانی یەک ساڵی تەمەنی وەزارەتەکەی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو و گوتی:
"لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، چاککردنی رێگاوبانەکان بووە ئەولەوییەتی کارکردنمان، بۆیە بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە، هەڵمەتێکی خێرای چاککردنەوەی رێگاوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارە سەرەکییەکانمان دەستپێکرد و لە میانی 70 رۆژدا لە 19 زۆندا، 79 پرۆژەمان ئەنجامدا بەتێچووی 42 ملیار دینار".
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "تەمەنی ئام کابینەیە بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە رووی لە هەرێمی کوردستان و جیهان کردووە دابەش دەبێت بۆ دوو قۆناغ، قۆناغی پێش کۆرۆنا و قۆناغی سەردەمی کۆرۆنا. لە قۆناغی پێش کۆرۆنا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەیان پڕۆژەی ئەنجامدا بەتایبەت لە بواری رێگەوباندا، پرۆژە ستراتیجییەکانی بواری رێگاوبان بەردەوامن و خێراکراونەتەوە نموونەش لەوانە رێگای سلێمانی-کەلار و رێگای هەولێر-دهۆک، بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەت دایناوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، هەوڵدەدرێت سەرجەم پرۆژە ستراتیجییەکان بەگەڕ بخرێنەوە و بخرێنەوەکار".
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن راشیگەیاند "لە ماوەی ساڵێکی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جگە لەو پرۆژانەی کە مەبەستمان خێرا چاککردنەوەی رێگاوبانەکان بوو، 22 پرۆژەی دیکەی رێگاوبانمان ئەنجامداوە بە بوودجەی 110 ملیار و 791 ملیۆن دینار جێبەجێکراون و تەواو بوون".
ئاگرین عەبدوڵڵا دەربارەی ئەو پرۆژانەش کە هێشتا تەواو نەبوون و کارکردن تێیاندا بەردەوامە گوتی: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەرپەرشتی 69 پرۆژەی رێگاوبانی کردووە بە بوودجەی دوو ترلیۆن و 475 ملیۆن دینار کە ئەمانە تەواو نەبوون، بەڵام رێژەی ئەنجامدانیان لەماوەی کارکردنی ئێمەدا بەرزبووەتەوە، سەرپەرشتی 42 پرۆژەی نیشتەجێکردن و بیناسازیشمان کردووە بە بوودجەی 396 ملیار و 49 ملیۆن دینار و ئەمانیش رێژەی جێبەجێکردنیان بەرز بووەتەوە".