Sarmand Hameed
08 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دابەزاندنی نرخی بنەتۆ بۆ ٥٣٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، لە ھەنگاوێگی گرنگدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لە پێناو بەرژەوەندی و پاڵپشتی راستەوخۆی جووتیاران و بە مەبەستی دابینکردنی بنەتۆی گەنم لە تەرزی بەبڕشتی خۆماڵی، بڕیاردراوە بە دابەزاندنی نرخی بنەتۆ بۆ ٥٣٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک، کە بەراوردی ئەم نرخە لە بازاڕەکانی جیھان و هەرێمی کوردستان لەسەرووی یەک ملیۆن دینارە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم بڕیارە بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتەکەدا هەیە، دەتوانن لە ئێستادا بە نرخی دیاریکراوی سەرەوە ھەرزانتر لە نرخی بازاڕەکان بنەتۆی گەنم بەردەست بکەن، بە کوالێتی بەرز و بەبڕشت و تەرزی خۆماڵی، بەو ڕێژەیەی کە بەرھەم ھێنراوە لە ساڵی پاردا.